عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نێردراوانی مەسیح
 - 1
 - بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن.
 - 2
 - جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن.
 - 3
 - بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم.
 - 4
 - هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات.
 - 5
 - کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.
 - 6
 - خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە.
 - 7
 - کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟
 - 8
 - وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا![a] خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد!
 - 9
 - چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە[b] دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بەسەردا درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک.
 - 10
 - لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە[c] بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین!
 - 11
 - هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین.
 - 12
 - بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێینەوە و بەرگە دەگرین.
 - 13
 - بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.
 - 14
 - ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە.
 - 15
 - تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە من بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی.
 - 16
 - جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە.
 - 17
 - لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە من بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پەیڕەوی دەکەم، هەروەک لە هەموو شوێن و کڵێسایەک خەڵکی فێر دەکەم.
 - 18
 - هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان
 - 19
 - بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان،
 - 20
 - چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە.
 - 21
 - چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟
 
- a. 4:8 لێرەدا نووسەر بە گاڵتەکردنەوە قسە دەکات.
 - b. 4:9 کەژاوەی گەڕانەوەی لەشکری سەرکەوتوو و دیلەکانیش لە دواوەن.
 - c.  4:10 
q بەهۆی مەسیحەوە لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە. 

