عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هاوسه‌رگیری 
1
سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی كه‌ بۆ منتان نووسیوه‌: باشه‌ بۆ پیاو ژن نه‌هێنێت[a] .
2
به‌ڵام له‌به‌ر داوێنپیسی، با هه‌ر پیاوێك ژنی خۆی هه‌بێت و هه‌ر ژنێك مێردی خۆی هه‌بێت.
3
مێرد له‌سه‌ریه‌تی ئه‌ركی سه‌رشانی بۆ ژنه‌كه‌ی به‌جێبگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ژنیش بۆ مێرد.
4
ژن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو هی مێرده‌كه‌یه‌تی. هه‌روه‌ها مێردیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو هی ژنه‌كه‌یه‌تی.
5
خۆتان له‌ یه‌كتری بێبه‌ش مه‌كه‌ن، مه‌گه‌ر به‌ ڕێككه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌ك تاكو بۆ نوێژكردن ده‌ست به‌تاڵ بن و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایه‌تی، نه‌وه‌ك به‌هۆی به‌سه‌رخۆدا زاڵنه‌بوونتانه‌وه‌ شه‌یتان تاقیتان بكاته‌وه‌.
6
به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم، وه‌ك ڕێگادانه‌ نه‌ك فه‌رمان.
7
هیوادارم هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك من بن[b] ، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ به‌هره‌ی خۆی هه‌یه‌، هی یه‌كێك ئاوایه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ئاوا.
8
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ و بێوه‌ژنانیش، پێیان ده‌ڵێم: بۆیان باشه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك من[c] بمێننه‌وه‌.
9
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆیان ڕانه‌گرت، با هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه‌ هاوسه‌رگیری له‌ گڕگرتن باشتره‌.
10
به‌ڵام بۆ هاوسه‌ران، ڕایانده‌سپێرم، من نیم به‌ڵكو مه‌سیحی باڵاده‌ست ڕایانده‌سپێرێت: با ژن له‌ مێرده‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌،
11
به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی جیا بووه‌وه‌، با بێ مێرد بمێنێته‌وه‌ یان مێرده‌كه‌ی ئاشت بكاته‌وه‌. مێردیش با ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق نه‌دات.
12
ئه‌وانی دیكه‌ من پێیان ده‌ڵێم نه‌ك مه‌سیحی باڵاده‌ست: ئه‌گه‌ر برایه‌ك ژنێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، ژنه‌ش ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با ته‌ڵاقی نه‌دات.
13
ئه‌گه‌ر ژنێك مێردێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، مێرده‌كه‌ ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با ژنه‌كه‌ لێی جیا نه‌بێته‌وه‌،
14
چونكه‌ مێرده‌ بێباوه‌ڕه‌كه‌ له‌ ژندا پیرۆزكراوه‌ و ژنی بێباوه‌ڕ له‌ پیاودا پیرۆزكراوه‌، ئه‌گینا منداڵتان گڵاوه‌، به‌ڵام ئێستا پیرۆزه‌.
15
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕه‌كه‌ خۆی جیا كرده‌وه‌، با جیا بێته‌وه‌. له‌ باری ئاوادا براكه‌ یان خوشكه‌كه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو خودا بۆ ئاشتی بانگی كردووین،
16
چونكه‌ ئه‌ی ژن چۆن ده‌زانی ئاخۆ مێرده‌كه‌ت ڕزگار ده‌كه‌یت؟ یان ئه‌ی مێرد چۆن ده‌زانی ئاخۆ ژنه‌كه‌ت ڕزگار ده‌كه‌یت؟
17
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، با هه‌ر یه‌كێك به‌پێی ئه‌و به‌شه‌ی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ پێیداوه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خودا بانگی كردووه‌ بژیێت، له‌ هه‌موو كڵێساكان ئاوا فه‌رمان ده‌ده‌م.
18
ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ته‌نه‌كراوی بانگكراوه‌، با نه‌بێته‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراو. ئه‌وه‌ش به‌ خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوی بانگكراوه‌، با خه‌ته‌نه‌ نه‌كات.
19
خه‌ته‌نه‌كردن هیچ نییه‌، خه‌ته‌نه‌ نه‌كردنیش هیچ نییه‌، به‌ڵكو جێبه‌جێكردنی ڕاسپارده‌كانی خودا گرنگه‌.
20
با هه‌ر یه‌كێك له‌و بارودۆخه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ تێیدا بووه‌ كاتێك خودا بانگی كردووه‌.
21
ئایا به‌ كۆیله‌یی بانگكرایت؟ گوێی مه‌ده‌رێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانیت ئازاد بیت، بیكه‌،
22
چونكه‌ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ بووه‌ كاتێك یه‌زدان بانگی كردووه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئازادكراوی یه‌زدان. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌شی ‏كه‌ ئازاد بووه‌، كاتێك بانگكراوه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی مه‌سیح.
23
ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون، مه‌بنه‌ كۆیله‌ی خه‌ڵك.
24
خوشكان، برایان، هه‌ر یه‌كێك له‌ چیدا بانگكراوه‌، با له‌گه‌ڵ خودا له‌مه‌دا بمێنێته‌وه‌.
ڕه‌به‌ن و بێوه‌ژن 
25
ده‌رباره‌ی كچان و كوڕان، هیچ فه‌رمانێكم له‌ مه‌سیحی باڵاده‌سته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ ده‌ڵێم وه‌ك یه‌كێك یه‌زدان به‌زه‌یی پێدا هاتبێته‌وه‌ كه‌ جێی متمانه‌ بێت.
26
وابزانم، له‌به‌ر ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ی ئێستا[d] ، باشه‌ بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێته‌وه‌.
27
ئایا تۆ به‌ ژنه‌وه‌ به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای جیابوونه‌وه‌ مه‌كه‌. ئایا تۆ به‌ ژن نه‌به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای ژن مه‌كه‌.
28
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بهێنیت گوناهت نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر پاكیزه‌ش مێرد بكات گوناهی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌م ژیانه‌ تووشی ماندووبوونی ده‌بن، جا من ده‌مه‌وێ تووشتان نه‌كه‌م.
29
خوشكان، برایان، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: كاتمان كه‌مه‌، له‌مه‌ودوا ئه‌وانه‌ی ژنیان هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ جۆرێك بژین وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یانبێت،
30
ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن وه‌ك نه‌گریێن، ئه‌وانه‌ی شادن وه‌ك شاد نه‌بن، ئه‌وانه‌ی ده‌كڕن وه‌ك موڵكیان نه‌بێت،
31
ئه‌وانه‌ی جیهان به‌كارده‌هێنن وه‌ك هه‌ر به‌كارینه‌هێنن، چونكه‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌ ڕووه‌و نه‌مانه‌.
32
جا ده‌مه‌وێ ئێوه‌ بێ خه‌م بن. ئه‌وه‌ی ژنی نه‌هێناوه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، چۆن په‌روه‌ردگار ڕازی بكات.
33
به‌ڵام هاوسه‌ردار بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن ژنه‌كه‌ی ڕازی بكات؟
34
ئه‌و كابرایه‌ دڵی به‌شكراوه‌. ژنی بێ مێرد و پاكیزه‌ گرنگی به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌ده‌ن، چۆن ده‌توانێت جه‌سته‌ و ڕۆحی خۆی بۆ یه‌زدان ته‌رخان بكات. به‌ڵام شووكردوو بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن مێرد ڕازی بكات.
35
ئه‌مه‌ بۆ چاكه‌تان ده‌ڵێم، نه‌ك تووشی كۆتێكتان بكه‌م، به‌ڵكو بۆ ڕێز و ته‌رخانكراوییه‌ بۆ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ، بێ په‌شێوی.
36
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شیاو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانه‌ پاكیزه‌كه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت ناكات، ئه‌گه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چی حه‌ز لێیه‌ با ئه‌وه‌ بكات، با هاوسه‌رگیری بكه‌ن، گوناهی نه‌كردووه‌.
37
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ بڕیاری دابێت و ناچار نه‌بێت، به‌ڵكو به‌سه‌ر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئه‌و بڕیاره‌ش كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ داویه‌تی كه‌ ده‌ستگیرانه‌ پاكیزه‌كه‌ی نه‌گوازێته‌وه‌، ئه‌وا چاك ده‌كات.
38
كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی به‌ مێرد ده‌دات، چاك ده‌كات، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ مێرد نادات، چاكتر ده‌كات.
39
ژن ئه‌وه‌نده‌ به‌ مێرده‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ هه‌تا مێرده‌كه‌ی زیندووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی مرد، ئه‌وا ئازاده‌ شوو به‌ هه‌ر پیاوێك بكات كه‌ ده‌یه‌وێت، به‌ مه‌رجێك باوه‌ڕی به‌ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ هه‌بێت.
40
به‌ڵام به‌ بۆچوونی من، به‌خته‌وه‌رتره‌ ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هه‌یه‌.
  1. a. 7‏:1 یۆنانی: ده‌ست له‌ ژن نه‌دات.
  2. b. 7‏:7 بێ هاوسه‌رگیری، بڕوانه‌ ئایه‌تی 8.
  3. c. 7‏:8 پۆڵسی نووسه‌ر ڕه‌به‌ن بووه‌.
  4. d. 7‏:26 مه‌به‌ستی له‌ ته‌نگانه‌ی گشتییه‌ بۆ باوه‌ڕداران له‌ ژیانی سه‌ر زه‌وی.