عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - هاوسەرگیری
 - 1
 - سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: «باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت[a] .»
 - 2
 - بەڵام لەبەر زۆریی داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت.
 - 3
 - مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد.
 - 4
 - ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی.
 - 5
 - خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە.
 - 6
 - بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان.
 - 7
 - هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن[b] ، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا.
 - 8
 - بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من[c] بمێننەوە.
 - 9
 - بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە.
 - 10
 - بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە،
 - 11
 - بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات.
 - 12
 - ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات.
 - 13
 - ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە،
 - 14
 - چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە.
 - 15
 - بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین،
 - 16
 - چونکە ئەی ژن، چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد، چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟
 - 17
 - لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم.
 - 18
 - ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنەنەکراو. ئەوەش بە خەتەنەنەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات.
 - 19
 - خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنەنەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە.
 - 20
 - با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە.
 - 21
 - ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە،
 - 22
 - چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح.
 - 23
 - ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک.
 - 24
 - خوشکان، برایان، با هەرکەسێک بەو شێوەیە لەگەڵ خودا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە لەو کاتەی بانگکراوە.
 - ڕەبەن و بێوەژن
 - 25
 - دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت.
 - 26
 - وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە.
 - 27
 - ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژنەوە نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە.
 - 28
 - بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانەدا تووشی کێشە و گرفت دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم.
 - 29
 - خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت،
 - 30
 - ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت،
 - 31
 - ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە.
 - 32
 - جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات.
 - 33
 - بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات.
 - 34
 - ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات.
 - 35
 - ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی.
 - 36
 - بەڵام ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ دەستگیرانە پاکیزەکەی هەڵسوکەوت ناکات، ئەگەر حەز و ئارەزووی زۆر بوو و پێویست بوو هاوسەرگیری بکەن، چی حەز لێیە با ئەوە بکات، با هاوسەرگیری بکەن، گوناهی نەکردووە.
 - 37
 - بەڵام ئەوەی لە دڵەوە بڕیاری دابێت و ناچار نەبێت، بەڵکو بەسەر خواستی خۆیدا زاڵ بێت، ئەو بڕیارەش کە لە دڵەوە داویەتی کە دەستگیرانە پاکیزەکەی نەگوازێتەوە، ئەوا چاک دەکات.
 - 38
 - کەواتە ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات، چاک دەکات، ئەوەش کە هاوسەرگیری ناکات، چاکتر دەکات.
 - 39
 - ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت.
 - 40
 - بەڵام بە بۆچوونی من، بەختەوەرترە ئەگەر ئاوا بمێنێتەوە، وا بزانم منیش ڕۆحی خودام هەیە.
 
- a. 7:1 یۆنانی: دەست لە ژن نەدات.
 - b. 7:7 بێ هاوسەرگیری، بڕوانە ئایەتی 8.
 - c. 7:8 پۆڵسی نووسەر ڕەبەن بووە.
 

