عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پارە کۆکردنەوە بۆ باوەڕداران 
1
بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن.
2
لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان.
3
کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم.
4
ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.
5
کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم.
6
لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای سەفەرم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم،
7
چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە.
8
بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە،
9
چونکە دەرگایەکی پان و بەرینم لێ کراوەتەوە بۆ خزمەتێکی کاریگەر، هەرچەندە دوژمنێکی زۆریشم هەیە.
10
ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت[a] ، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم.
11
با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.
12
هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.
کۆتایی 
13
ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن.
14
هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.
15
ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون و خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو. خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە،
16
کە ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن.
17
بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە.
18
هەروەها چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بناسن.
19
کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن.
ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن.
20
هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن.
بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
21
من پۆڵسم، ئەم سڵاوە بە دەستی خۆم دەنووسم.
22
بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی پەروەردگار، وەرە!
23
نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت.
24
خۆشەویستیی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.

  1. a. 16‏:10 ترس لە ناحەزانی خزمەتی پۆڵس.‏