عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ پۆڵسه‌وه‌ كه‌ به‌ خواستی خودا نێردراوی عیسای مه‌سیحه‌، هه‌روه‌ها له‌ تیمۆساوسی براتانه‌وه‌،
بۆ كڵێسای خودا له‌ كۆرنسۆس و هه‌موو گه‌لی پیرۆزی خۆی له‌ هه‌موو ئه‌خایا:
2
با نیعمه‌ت[a] و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ له‌گه‌ڵتان بێت.
خودای دڵنه‌واییكار 
3
ستایش بۆ خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان، باوكی میهره‌بانی و خودای هه‌موو دڵنه‌واییه‌ك،
4
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كماندا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌كدان،
5
چونكه‌ هه‌روه‌ك چۆن به‌شداری زۆرمان كردووه‌ له‌ ئازاری مه‌سیح، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ڕێگه‌ی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌وایی زۆر ده‌كرێین.
6
ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین.
7
جا هیوامان بۆ ئێوه‌ چه‌سپاوه‌، ده‌زانین وه‌ك له‌ ئازار به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییشدا ئاوان.
8
خوشكان و برایانم، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر قورس بوو و له‌ سه‌رووی توانامانه‌وه‌ بوو، هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێهووده‌ بووین.
9
به‌ڵكو له‌ خۆماندا هه‌ستمان كرد حوكمی مردنمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵام به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌.
10
ئه‌وه‌ی له‌ مردنێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات،
11
ئێوه‌ش به‌ پاڕانه‌وه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو خه‌ڵكێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن، به‌هۆی پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر.
پۆڵس پلانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت 
12
ئێمه‌ شانازی به‌مه‌وه‌ ده‌كه‌ین: ویژدانمان شایه‌تی ده‌دات كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ دروستی و بێ دووڕوویی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ك به‌ دانایی دنیایی به‌ڵكو به‌ نیعمه‌تی خودا.
13
شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێبگه‌ن. هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن،
14
وه‌ك هه‌ندێك لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ك ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی عیسای خاوه‌ن شكۆمان.
15
جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌ یه‌كه‌م جار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ نیعمه‌تتان بۆ بێت،
16
به‌ره‌و مه‌كدۆنیا به‌ لاتاندا تێپه‌ڕم و له‌ مه‌كدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ یه‌هودیا به‌ڕێم بكه‌ن.
17
كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بووم، ئایا به‌ ڕاڕایی جوڵامه‌وه‌؟ یاخود به‌ شێوه‌یه‌كی دنیایی پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ كاتێكدا ده‌ڵێم: «به‌ڵێ، به‌ڵێ» و «نه‌خێر، نه‌خێر»؟
18
به‌ڵام هه‌روه‌ك چۆن خودا دڵسۆزه‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ هه‌م «به‌ڵێ» و هه‌م «نه‌خێر» نییه‌.
19
عیسای مه‌سیحی كوڕی خودا، كه‌ به‌هۆی من و سیلا[b] و تیمۆساوسه‌وه‌ له‌نێوتاندا مزگێنی درا، «به‌ڵێ» و «نه‌خێر» نه‌بوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ هه‌ر «به‌ڵێ» بووه‌.
20
به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ك بن، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ ده‌بن به‌ «به‌ڵێ». بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ڵێین «ئامین» بۆ شكۆمه‌ندی خودا.
21
به‌ڵام ئه‌وه‌ خودایه‌ كه‌ ده‌ستنیشانی كردووین، هه‌روه‌ها به‌ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ مه‌سیح ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌چه‌سپێنێت.
22
خودا مۆری خۆی لێداوین و وه‌ك پێشه‌كی ڕۆحی خۆی خسته‌ دڵمانه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی دێت.
23
خوداش ده‌كه‌مه‌ شایه‌ت له‌سه‌ر خۆم، به‌زه‌ییم پێتان هاته‌وه‌ كه‌ نه‌هاتمه‌وه‌ كۆرنسۆس.
24
نه‌ك به‌سه‌ر باوه‌ڕتان سالار بین، به‌ڵكو هاوكارین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ چه‌سپاون.
  1. a. 1‏:2 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  2. b. 1‏:19 یۆنانی: \+tl سیلوانۆس\+tl*.