عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیارم دا نه‌یه‌مه‌وه‌ بۆ لاتان، نه‌وه‌ك سه‌ردانه‌كه‌م ببێته‌ مایه‌ی خه‌مباری،
2
چونكه‌ ئه‌گه‌ر من خه‌مبارتان بكه‌م، كێ دڵشادم ده‌كات، جگه‌ له‌ ئێوه‌ كه‌ خه‌مبارم كردوون؟
3
بۆم نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك هاتم خه‌مبار نه‌بم له‌وانه‌ی پێویسته‌ پێیان شادبم. له‌ هه‌مووتان دڵنیام، كه‌ شادی من هی هه‌مووتانه‌.
4
له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی زۆر و دڵته‌نگییه‌وه‌ به‌ فرمێسكی زۆره‌وه‌ بۆم نووسین، نه‌وه‌ك خه‌مبار بن، به‌ڵكو تاكو بزانن خۆشه‌ویستیم بۆ ئێوه‌ چه‌ند قووڵه‌.
لێخۆشبوون له‌ گوناهبار 
5
به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بووه‌ هۆی خه‌مباری، ئه‌وا ته‌نها منی خه‌مبار نه‌كردووه‌، به‌ڵكو تاكو ڕاده‌یه‌ك هه‌مووتانی خه‌مبار كردووه‌، ئه‌گه‌ر زۆرم نه‌گوتبێت.
6
ئیتر به‌سه‌ ئه‌و سزایه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌یه‌،
7
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، باشتره‌ گه‌ردنی ئازاد بكه‌ن و دڵنه‌وایی بكه‌ن، نه‌وه‌ك له‌ خه‌فه‌تی زۆره‌وه‌ هه‌ڵبلووشرێت.
8
له‌به‌ر ئه‌وه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م خۆشه‌ویستی خۆتانی بۆ دووپات بكه‌نه‌وه‌،
9
چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بۆم نووسین تاكو به‌ سه‌لماندنتان بزانم، ئاخۆ له‌ هه‌موو شتێكدا گوێڕایه‌ڵن.
10
منیش گه‌ردنی ئه‌و كه‌سه‌ ئازاد ده‌كه‌م كه‌ ئێوه‌ گه‌ردنی ئازاد ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پێویستی به‌وه‌ كردبێت گه‌ردنی كه‌سێك ئازاد بكه‌م، ئه‌وا له‌به‌رده‌م مه‌سیح له‌به‌ر ئێوه‌ گه‌ردنم ئازاد كردووه‌،
11
نه‌وه‌ك شه‌یتان له‌خشته‌مان ببات، چونكه‌ له‌ مه‌به‌سته‌كانی بێئاگا نین.
سه‌ركه‌وتن به‌هۆی عیسا 
12
كاتێك هاتمه‌ شاری ترۆیاس بۆ ئه‌وه‌ی مزگێنی مه‌سیح ڕابگه‌یه‌نم، مه‌سیحی باڵاده‌ست ده‌رگایه‌كی بۆ كردمه‌وه‌.
13
به‌ڵام گیانم پشووی نه‌دا، چونكه‌ تیتۆسی برام نه‌دۆزییه‌وه‌. ئیتر ماڵئاواییم لێیان كرد و چووم بۆ مه‌كدۆنیا.
14
به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێك له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌ركه‌وتنی مه‌سیحدا ڕابه‌رایه‌تیمان ده‌كات، له‌ هه‌موو شوێنێك به‌هۆی ئێمه‌وه‌ بۆنی خۆشی ناسینه‌كه‌ی بڵاو ده‌كاته‌وه‌،
15
چونكه‌ ئێمه‌ بۆنی خۆشی مه‌سیحین بۆ خودا، له‌نێوان ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت و له‌نێوان ئه‌وانه‌ی له‌ناوده‌چن.
16
بۆ ئه‌وانه‌ بۆنی مردنه‌ بۆ مردن، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ بۆنی ژیانه‌ بۆ ژیان. ئایا كێ شیاوه‌ بۆ ئه‌م شتانه‌؟
17
ئێمه‌ وه‌ك زۆر كه‌س بازرگانی به‌ په‌یامی خوداوه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ بێ دووڕوویی له‌ خوداوه‌ و له‌به‌رده‌م خودا به‌ ناوی مه‌سیح ده‌دوێین.