عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا 
1
ئه‌ی خوشك و برایانم، ده‌مه‌وێ ئه‌و مزگێنییه‌تان بیربخه‌مه‌وه‌ كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن، ئه‌وه‌ی وه‌رتانگرت و هه‌تا ئێستا له‌سه‌ری چه‌سپاون.
2
به‌هۆی ئه‌م مزگێنییه‌وه‌ ئێوه‌ ڕزگارتان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستتان به‌و په‌یامه‌وه‌ گرت كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن. ئه‌گینا بێ سوود باوه‌ڕتان هێناوه‌.
3
ئه‌وه‌م پێدان كه‌ یه‌كه‌مین و گرنگترینه‌ و منیش وه‌رمگرتبوو: كه‌ مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان[a] ،
4
ئه‌و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان،
5
ئینجا بۆ په‌ترۆس[b] و دوایی بۆ دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت.
6
پاش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك جار بۆ زیاتر له‌ پێنج سه‌د له‌ خوشك و برایان ده‌ركه‌وت، زۆرینه‌یان هه‌تا ئێستا ماون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نوستوون[c] ،
7
دوای ئه‌وه‌ بۆ یاقوب ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو نێردراوان،
8
پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، من وه‌ك منداڵێك بووم كه‌ له‌ كاتی نائاسایی له‌دایك ببووم.
9
له‌ڕاستیدا من بچووكترین نێردراوم و شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ نێردراو ناوببردرێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من كڵێسای خودام چه‌وساندووه‌ته‌وه‌.
10
به‌ڵام به‌هۆی نیعمه‌تی خوداوه‌ من ئه‌وه‌م كه‌ هه‌م، هه‌روه‌ها نیعمه‌تی ئه‌و بۆ من بێ سوود نه‌بوو، به‌ڵكو من له‌ هه‌موو نێردراوانی دیكه‌ ماندووتر بووم، به‌ڵام من نا، به‌ڵكو نیعمه‌تی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵمدایه‌.
11
ئیتر من بم یاخود ئه‌وان، ئاوا ڕاده‌گه‌یه‌نین و ئاواش باوه‌ڕتان هێنا.
هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان 
12
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستێنرایه‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن مردووان زیندوو نابنه‌وه‌؟
13
ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌.
14
ئه‌گه‌ر مه‌سیح هه‌ڵنه‌ستێنرابێته‌وه‌، ئه‌وسا مزگێنیدانمان بێ سوود ده‌بێت، باوه‌ڕی ئێوه‌ش هیچ سوودی نابێت.
15
ئێمه‌ش ده‌بینه‌ شایه‌تی درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا شایه‌تیمان دا كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، هه‌ڵینه‌ستاندووه‌ته‌وه‌.
16
ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستێنرێنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌.
17
ئه‌گه‌ر مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵنه‌ستێنرابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان پووچ ده‌بێت و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتاندان.
18
كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌‏‏ مه‌سیح هه‌بوو و نوستوون[d] ، له‌ناوچوون.
19
ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین له‌نێو مرۆڤ.
20
به‌ڵام له‌ ڕاستیدا مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نوستووان.
21
هه‌روه‌ك مردن به‌هۆی مرۆڤێكه‌وه‌ بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌هۆی مرۆڤێكه‌وه‌یه‌.
22
هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو به‌هۆی ئاده‌مه‌وه‌ ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕیان به‌ مه‌سیح هه‌یه‌ زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌.
23
به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌م جار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی هی مه‌سیحن،
24
دوای ئه‌مه‌ كۆتایی دێت، كاتێك پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوك، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و هێزێكی له‌ناوبرد،
25
چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، هه‌تا هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌.
26
دوا دوژمن كه‌ له‌ناوده‌بردرێت، مردنه‌.
27
هه‌روه‌ك نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان ده‌ڵێن: {هه‌موو شتێكت خستووه‌ته‌ ژێر پێی ئه‌و.}[e] به‌ڵام كاتێك ده‌فه‌رموێ {هه‌موو شتێكت خستووه‌ته‌ ژێر پێی،} ڕوونه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خودی خودا ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌.
28
كاتێك هه‌مووی ملكه‌چی كرد، ئه‌وسا كوڕه‌كه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا.
29
ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ جیاتی مردووان له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنرێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشرێن؟
30
بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێك خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟
31
ئه‌ی خوشك و برایانم، ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌هۆی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان.
32
ئه‌گه‌ر به‌ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ بێت كاتێك له‌ ئه‌فه‌سۆس به‌ره‌نگاری دڕنده‌كان بوومه‌وه‌، چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌:
{با بخۆین و بخۆینه‌وه‌،
چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین.}[f]
33
هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: «په‌یوه‌ندی خراپ ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات.»
34
هۆش بهێننه‌وه‌ به‌ر خۆتان هه‌روه‌ك پێویسته‌، گوناه مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانیاریتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم.
هه‌ستانه‌وه‌مان چۆن ده‌بێت؟ 
35
له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: «مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێنرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟»
36
ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت.
37
ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌.
38
به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ.
39
هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌ك و ماسی جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌.
40
ته‌نی ئاسمانی هه‌یه‌ و ته‌نی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆیه‌ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌.
41
شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌.
42
به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ فه‌وتاوی ده‌چێنرێت، له‌ نه‌فه‌وتاوی هه‌ڵده‌ستێنرێته‌وه‌.
43
له‌ سووكایه‌تی ده‌چێنرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێنرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێنرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێنرێته‌وه‌.
44
به‌ له‌شی سروشتی ده‌چێنرێت، به‌ له‌شی ڕۆحی هه‌ڵده‌ستێنرێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر له‌شی سروشتی هه‌یه‌، له‌شی ڕۆحیش هه‌یه‌.
45
ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌می یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو.}[g] به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕۆحێكه‌ ژیان ده‌به‌خشێت.
46
به‌ڵام ڕۆحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی سروشتییه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕۆحییه‌.
47
مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ خۆڵی زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌.
48
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خۆڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ خۆڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن.
49
وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ خۆڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین.
50
ئه‌ی خوشك و برایانم، ئه‌وه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری شانشینی خودا، هه‌روه‌ها فه‌وتاو نابێته‌ میراتگری نه‌فه‌وتاو.
51
ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕدرێین،
52
له‌ ساتێكدا، له‌ چاوتروكانێك، كاتێك دوا كه‌ڕه‌نا لێده‌درێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانیش بێ فه‌وتان هه‌ڵده‌ستێنرێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین،
53
چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌و سروشته‌ فه‌وتاوه‌ نه‌فه‌وتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نه‌مری بپۆشێت.
54
كاتێك فه‌وتاو نه‌فه‌وتاوی ده‌پۆشێت و مردن نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی:
{مردن به‌ سه‌ركه‌وتن لووش دراوه‌.}[h]
55
{ئه‌ی مردن، كوا سه‌ركه‌وتنت؟
ئه‌ی مردن، كوا پێوه‌دانت؟}[i]
56
جا پێوه‌دانی مردن گوناهه‌، هێزی گوناهیش شه‌ریعه‌ته‌.
57
به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان سه‌ركه‌وتن به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت.
58
كه‌واته‌، ئه‌ی خوشك و برایانی خۆشه‌ویستم، چه‌سپاو بن. جێگیر بن. خۆتان به‌ ته‌واوی بۆ كاری عیسای خاوه‌ن شكۆ ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ عیسای خاوه‌ن شكۆ بێ سوود نییه‌.
  1. a. 15‏:3 مه‌به‌ست ته‌ورات و پێغه‌مبه‌رانه‌.
  2. b. 15‏:5 یۆنانی: \+tl كێفاس\+tl*.
  3. c. 15‏:6 لێره‌دا نوستن به‌ واتای مردنی جه‌سته‌یی دێت.
  4. d. 15‏:18 \+xt بڕوانه‌ 15‏:6‏\+xt*.
  5. e. 15‏:27 \+xt زه‌بووره‌كان 8‏:6.‏\+xt*‏
  6. f. 15‏:32 \+xt ئیشایا 22‏:13.‏\+xt*‏
  7. g. 15‏:45 \+xt په‌یدابوون 2‏:7.‏\+xt*‏
  8. h. 15‏:54 \+xt ئیشایا 25‏:8.‏\+xt*‏
  9. i. 15‏:55 \+xt هۆشه‌ع 13‏:14.‏\+xt*‏