عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هەستانەوەی عیسا 
1
ئەی خوشک و برایانم، دەمەوێ ئەو مزگێنییەتان بیربخەمەوە کە پێم ڕاگەیاندن، ئەوەی وەرتانگرت و هەتا ئێستا لەسەری چەسپاون.
2
بەهۆی ئەم مزگێنییەوە ئێوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەستتان بەو پەیامەوە گرت کە پێم ڕاگەیاندن. ئەگینا بێ سوود باوەڕتان هێناوە.
3
ئەوەم پێدان کە یەکەمین و گرنگترینە و منیش وەرمگرتبوو: کە مەسیح لە پێناوی گوناهەکانمان مرد بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان[a] ،
4
ئەو نێژرا و لە ڕۆژی سێیەم هەستایەوە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان،
5
ئینجا بۆ پەترۆس[b] و دوایی بۆ دوازدە قوتابییەکەی دەرکەوت.
6
پاش ئەوە بە یەک جار بۆ زیاتر لە پێنج سەد لە خوشک و برایان دەرکەوت کە زۆربەیان هەتا ئێستا ماون، بەڵام هەندێکیان نوستوون[c] ،
7
دوای ئەوە بۆ یاقوب دەرکەوت، ئینجا بۆ هەموو نێردراوان،
8
پاش هەمووان بۆ منیش دەرکەوت، من وەک منداڵێک بووم کە بە ناکامی لەدایک ببووم.
9
لەڕاستیدا من بچووکترین نێردراوم و شایانی ئەوە نیم بە نێردراو ناوببردرێم، لەبەر ئەوەی من کڵێسای خودام چەوساندووەتەوە.
10
بەڵام بەهۆی نیعمەتی خوداوە من ئەوەم کە هەم، هەروەها نیعمەتی ئەو بۆ من بێ سوود نەبوو، بەڵکو من لە هەموو نێردراوانی دیکە ماندووتر بووم، بەڵام من نا، بەڵکو نیعمەتی خودا بوو کە لەگەڵمدایە.
11
ئیتر من بم یاخود ئەوان، ئاوا ڕادەگەیەنین و ئاواش باوەڕتان هێنا.
هەستانەوەی مردووان 
12
بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟
13
ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، ئەوا تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە.
14
ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت.
15
ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە.
16
ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە.
17
ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان.
18
کەواتە ئەو باوەڕدارانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا نوستوون[d] ، لەناوچوون.
19
ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
20
بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان.
21
هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە.
22
هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە.
23
بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن،
24
دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد،
25
چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە.
26
دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە.
27
هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾[e] بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە.
28
کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
29
ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟
30
بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟
31
ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
32
ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە:
﴿با بخۆین و بخۆینەوە،
چونکە سبەی دەمرین.﴾[f]
33
هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.»
34
هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.
هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟ 
35
لەوانەیە کەسێک بڵێت: «چۆن مردووان هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە جەستەیەکەوە دێنەوە؟»
36
ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت.
37
ئەوەی دەیچێنیت، ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، جا گەنم بێت یاخود هەر تۆوێکی دیکە.
38
بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ.
39
هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە.
40
تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەمینیش هەیە، بەڵام شکۆی تەنە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی تەنە زەمینییەکانیش شتێکی دیکەیە.
41
شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکەیە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.
42
بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە.
43
لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە.
44
بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.
ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە.
45
ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم[g] بووە گیانێکی زیندوو.﴾[h] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت.
46
بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە.
47
مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە.
48
ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە.
49
وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
50
ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو.
51
ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین،
52
لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین،
53
چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت.
54
کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی:
﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾[i]
55
﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟
ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾[j]
56
جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە.
57
بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.
58
کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو و جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا[k] دەیکێشن.
  1. a. 15‏:3 مەبەست تەورات و پێغەمبەرانە.‏
  2. b. 15‏:5 یۆنانی: \+tl کێفاس‏\+tl*.‏
  3. c. 15‏:6 لێرەدا نوستن بە واتای مردنی جەستەیی دێت.‏
  4. d. 15‏:18 بڕوانە 15‏:6‏.‏‏
  5. e. 15‏:27 زەبوورەکان 8‏:6.‏‏
  6. f. 15‏:32 ئیشایا 22‏:13.‏‏
  7. g. 15‏:45 q ئادەم لە زمانی عیبریدا بە پیاو دەگوترێت ئادەم.‏
  8. h. 15‏:45 پەیدابوون 2‏:7.‏‏
  9. i. 15‏:54 ئیشایا 25‏:8.‏‏
  10. j. 15‏:55 هۆشەع 13‏:14.‏‏
  11. k. 15‏:58 q بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا لە زمانی یۆنانیدا (لە پەروەردگاردا) بەکارهاتووە.‏