عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە پۆڵس، بانگکراو لەسەر خواستی خودا، تاکو ببێت بە نێردراوی عیسای مەسیح، هەروەها لە سۆستانیسی برامانەوە،
 - 2
 - بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، ئەوانەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح پیرۆزکراون و بانگکراون بۆ پیرۆزبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە هەموو شوێنێکدا بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە نزا دەکەن، کە گەورەی ئێمە و ئەوانیشە:
 - 3
 - با نیعمەت[a]  و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
 - سوپاسگوزاری
 - 4
 - بەهۆی ئێوەوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە.
 - 5
 - بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک.
 - 6
 - خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت.
 - 7
 - بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، لە کاتێکدا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانن.
 - 8
 - ئەو هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی پەروەردگارماندا بێ گلەیی بن.
 - 9
 - خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
 - ناکۆکیی نێوان باوەڕداران
 - 10
 - ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت.
 - 11
 - خوشک و برایانم، ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە.
 - 12
 - مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم[b] »، یان «من هی مەسیحم.»
 - 13
 - ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟
 - 14
 - سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت،
 - 15
 - نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە.
 - 16
 - هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت،
 - 17
 - چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە.
 - مەسیح هێز و دانایی خودایە
 - 18
 - پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە.
 - 19
 - لەبەر ئەوەی نووسراوە:
﴿دانایی داناکان لەناودەبەم،
تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.﴾[c] - 20
 - کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟
 - 21
 - خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن.
 - 22
 - جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن،
 - 23
 - بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە،
 - 24
 - بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێز و دانایی خودایە،
 - 25
 - چونکە گێلایەتیی خودا لە دانایی مرۆڤ داناترە و لاوازیی خودا لە بەهێزیی مرۆڤ بەهێزترە.
 - 26
 - ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون.
 - 27
 - بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن.
 - 28
 - خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن،
 - 29
 - بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک[d] لەبەردەم خودا شانازی نەکات.
 - 30
 - بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک[e] ، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە،[f]
 - 31
 - تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.﴾[g] 
 
- a. 1:3 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
 - b. 1:12 یۆنانی: \+tl کێفاس\+tl*.
 - c. 1:19 ئیشایا 29:14.
 - d. 1:29 یۆنانی: جەستەیەک.
 - e.  1:30 
q لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک لە زمانی یۆنانیدا (لە عیسای مەسیحدا) بەکارهاتووە. - f. 1:30 واتا مەسیح ئێمەی لە مردن کڕییەوە.
 - g. 1:31 یەرمیا 9:24.
 

