عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم 
1
داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا.
2
ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
3
داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو.
4
هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
5
لە نەوەی قەهات،
ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
6
لە نەوەی مەراری،
عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
7
لە نەوەی گێرشۆن،
یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.
8
لە نەوەی ئەلیچافان،
شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.
9
لە نەوەی حەبرۆن،
ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.
10
لە نەوەی عوزیێل،
عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.
11
ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون.
12
پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە،
13
چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.»
14
ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
15
نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
16
داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
17
لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو،
18
لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
19
مۆسیقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا.
20
زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[a] دەژەند.
21
مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[b] دەژەند.
22
کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
23
بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
24
کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
25
داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە.
26
کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی.
27
داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو.
28
هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
29
کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
  1. a. 15‏:20 جۆرە ئاوازێکە، واتا بە دەنگی کیژۆڵەکان. بڕوانە زەبوورەکان 46.‏
  2. b. 15‏:21 دەشێت زاراوەیەکی مۆسیقی بێت. بڕوانە زەبوورەکان 6.‏