عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خزمه‌تكردن له‌به‌رده‌م سندوقی یه‌زدان 
1
ئیتر سندوقی خودایان هێنایه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی ئه‌و چادره‌ی كه‌ داود بۆی دامه‌زراندبوو، هه‌روه‌ها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شییان[a] له‌به‌رده‌م خودا سه‌رخست.
2
پاش ئه‌وه‌ی داود له‌ پێشكه‌شكردنی قوربانی سووتاندنه‌كان و قوربانییه‌كانی هاوبه‌شی بووه‌وه‌، به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ گه‌ل كرد.
3
به‌سه‌ر هه‌موو ئیسرائیلدا له‌ ژن و له‌ پیاو، كولێره‌یه‌ك و نانه‌ خورمایه‌ك و نانه‌ كشمیشێكی دابه‌ش كرد.
4
چه‌ند خزمه‌تكارێكیشی له‌ لێڤییه‌كان له‌به‌رده‌م سندوقی یه‌زدان بۆ یادكردنه‌وه‌ و سوپاسكردن و ستایشكردنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل دانا:
5
ئاساف ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرد و زه‌كه‌ریاش له‌دوای ئه‌و به‌ پله‌ی دووه‌م ده‌هات، پاشان یه‌عیێل، شه‌میرامۆت، یه‌حیێل، مه‌تیسیا، ئه‌لیاب، به‌نایا، عوبێد ئه‌دۆم و یه‌عیێل ده‌هاتن. ئه‌مانه‌ ئامێره‌كانی ساز و قیساره‌یان ده‌ژه‌ند، ئاسافیش سه‌نجی لێده‌دا،
6
به‌نایا و یه‌حه‌زیێلی كاهینیش به‌ به‌رده‌وامی كه‌ڕه‌نایان ده‌ژه‌ند له‌به‌رده‌م سندوقی په‌یمانی خودا.
7
ئینجا له‌و ڕۆژه‌دا یه‌كه‌م جار داود ئه‌م زه‌بووره‌ی دایه‌ ده‌ست ئاساف و هاوكاره‌كانی، كه‌ بۆ ستایشكردنی یه‌زدانه‌:
8
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن و به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ نوێژ بكه‌ن،
كرداره‌كانی به‌ گه‌لان بناسێنن.
9
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بكه‌ن،
هه‌موو كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی ڕابگه‌یه‌نن،
10
شانازی به‌ ناوی پیرۆزیه‌وه‌ بكه‌ن،
با دڵی ئه‌وانه‌ خۆش بێت كه‌ ڕوو له‌ یه‌زدان ده‌كه‌ن.
11
پشت به‌ یه‌زدان و هێزه‌كه‌ی ببه‌ستن،
به‌رده‌وام ڕووتان له‌و بكه‌ن.
12
باسی ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ بكه‌ن كه‌ كردوونی،
په‌رجوو[b] و حوكمه‌كانی ده‌می.
13
ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی به‌نده‌ی ئه‌و،
ئه‌ی كوڕانی یاقوب، هه‌ڵبژارده‌كانی.
14
ئه‌و یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمانه‌،
حوكمه‌كانیشی له‌ سه‌راپای زه‌وییه‌.
15
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ په‌یمانه‌كه‌ی له‌ یاده‌،
ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ده‌یدات بۆ هه‌زار پشته‌،
16
ئه‌و په‌یمانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیبراهیم به‌ستی،
ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئیسحاقی خوارد،
17
وه‌ك فه‌رز بۆ یاقوب چه‌سپاندی،
وه‌ك په‌یمانێكی هه‌میشه‌یی بۆ ئیسرائیل.
18
فه‌رموویه‌تی: «خاكی كه‌نعان ده‌ده‌مه‌ تۆ،
به‌شه‌ میراتی خۆتانه‌.»
19
ئه‌و كاته‌ی ژماره‌یان كه‌م بوو،
كه‌م و نامۆ بوون له‌و خاكه‌،
20
له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چوونه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌،
له‌ پاشایه‌تییه‌كه‌وه‌ بۆ گه‌لێكی دیكه‌.
21
لێ نه‌گه‌ڕا كه‌س سته‌میان لێ بكات،
به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وان پاشایانی سه‌رزه‌نشت كرد:
22
«ده‌ست له‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كانم مه‌ده‌ن،
خراپه‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ره‌كانم مه‌كه‌ن.»
23
ئه‌ی هه‌موو زه‌وی، گۆرانی بۆ یه‌زدان بڵێن،
ڕۆژ به‌ ڕۆژ مژده‌ی ڕزگاریی ئه‌و ڕابگه‌یه‌نن.
24
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان شكۆمه‌ندی ئه‌و ڕابگه‌یه‌نن،
له‌نێو هه‌موو گه‌لان كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی.
25
چونكه‌ یه‌زدان مه‌زنه‌ و شایانی ستایشی زۆره‌،
سامناكه‌ به‌سه‌ر هه‌موو خوداوه‌نده‌كانه‌وه‌.
26
چونكه‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كانی گه‌لان بتن،
به‌ڵام یه‌زدان ئاسمانی دروستكردووه‌.
27
شكۆ و سه‌ربه‌رزی له‌به‌رده‌میدان،
هێز و شادمانی له‌ نشینگه‌كه‌یدان.
28
ئه‌ی هه‌موو خێڵه‌كانی گه‌لان، ستایشی یه‌زدان بكه‌ن،
ستایشی شكۆ و هێزی یه‌زدان بكه‌ن.
29
ستایشی ناوی شكۆداری یه‌زدان بكه‌ن،
دیاری بهێنن و وه‌رنه‌ به‌رده‌می،
كڕنۆش بۆ یه‌زدان ببه‌ن چونكه‌ شكۆدار و پیرۆزه‌.
30
ئه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی زه‌وی له‌به‌رده‌می بله‌رزن،
جیهان چه‌سپاوه‌ و هه‌رگیز ناله‌قێت.
31
با ئاسمان شادبێت و زه‌وی دڵخۆش بێت،
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا بڵێن: «یه‌زدان پاشایه‌تی ده‌كات!»
32
با ده‌ریا و هه‌رچی تێدایه‌ بخرۆشێن،
با كێڵگه‌ و هه‌رچی تێدایه‌ شاگه‌شكه‌ بن.
33
ئینجا هه‌موو دره‌خته‌كانی دارستان له‌به‌رده‌م یه‌زدان گۆرانی ده‌ڵێن،
چونكه‌ دێت بۆ ئه‌وه‌ی دادوه‌ری زه‌وی بكات.
34
ستایشی یه‌زدان بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاكه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.
35
بڵێن: «ئه‌ی خودای ڕزگاركه‌رمان، ڕزگارمان بكه‌،
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان كۆمان بكه‌ره‌وه‌ و فریامان بكه‌وه‌،
بۆ ئه‌وه‌ی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بكه‌ین و
شانازی به‌ ستایشكردنی تۆوه‌ بكه‌ین.»
36
ستایش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل،
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.
ئینجا هه‌موو گه‌ل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یه‌زدان بكه‌ن.»
37
داود له‌وێدا له‌به‌رده‌م سندوقی په‌یمانی یه‌زدان، ئاساف و هاوكاره‌كانی به‌جێهێشت هه‌تا به‌ به‌رده‌وامی له‌به‌رده‌م سندوقه‌كه‌ خزمه‌ت بكه‌ن، هه‌ر خزمه‌تێك له‌ ڕۆژی خۆیدا.
38
هه‌روه‌ها عوبێد ئه‌دۆم و هاوكاره‌كانیشی كه‌ شه‌ست و هه‌شت كه‌س بوون، بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وان، به‌جێی هێشتن. عوبێد ئه‌دۆمی كوڕی یه‌دوتون و حۆسا هه‌ردووكیان ده‌رگاوان بوون.
39
داود سادۆقی كاهین و برا كاهینه‌كانیشی له‌به‌رده‌م چادری په‌رستنی یه‌زدان، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ی گبعۆن بوو، به‌جێی هێشتن،
40
هه‌تا به‌ به‌رده‌وامی قوربانی سووتاندن له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ی قوربانی سووتاندن پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌یانییان و ئێواران به‌پێی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی یه‌زداندا نووسراوه‌، ئه‌وه‌ی فه‌رمانی به‌ ئیسرائیل كرد.
41
له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش، هێیمان و یه‌دوتون و پاشماوه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌كان ئه‌وانه‌ی ناویان هات هه‌تا سوپاسی یه‌زدان بكه‌ن، چونكه‌ «خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
42
له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش هێیمان و یه‌دوتون به‌رپرسی ژه‌نینی كه‌ڕه‌نا و سه‌نج و ئامێره‌ مۆسیقییه‌كانی دیكه‌ بوون له‌ كاتی گۆرانی و ستایشه‌كانیان بۆ خودا. كوڕه‌كانی یه‌دوتونیش ده‌رگاوان بوون.
43
پاشان هه‌موو گه‌ل هه‌ركه‌سه‌ و بۆ ماڵی خۆی به‌ڕێكه‌وت و داودیش گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌تا داوای به‌ره‌كه‌ت بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بكات.
  1. a. 16‏:1 قوربانی هاوبه‌شی: ئه‌م قوربانییه‌ هاوده‌می قوربانی سووتاندن بوو. ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌ڵده‌ستا به‌ دابینكردنی ئه‌م قوربانییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌ به‌شی زۆری ئه‌م قوربانییه‌یان له‌به‌رده‌م خودا ده‌خوارد وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان. بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 7‏:11‏-15.‏\+xt*‏
  2. b. 16‏:12 په‌رجوو: موعجیزه‌.