عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌ڵێنی خودا بۆ داود 
1
پاش ئه‌وه‌ی داود له‌ كۆشكه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوو، داود به‌ ناتانی پێغه‌مبه‌ری گوت: «من لێره‌ له‌ كۆشكێكی دروستكراو به‌ داری ئورز نیشته‌جێم و سندوقی په‌یمانی یه‌زدانیش له‌ژێر چادردایه‌.»
2
ناتانیش به‌ داودی گوت: «هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ دڵتدایه‌ بیكه‌، چونكه‌ خودا له‌گه‌ڵتدایه‌.»
3
به‌ڵام هه‌ر له‌و شه‌وه‌ فه‌رمایشتی خودا بۆ ناتان هات:
4
«بڕۆ به‌ داودی به‌نده‌م بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌و كه‌سه‌ تۆ نیت كه‌ ماڵێك بۆ نیشته‌جێبوونم بنیاد ده‌نێت،
5
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیلم له‌ میسر ده‌رهێناوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ ماڵدا نیشته‌جێ نه‌بووم، به‌ڵكو له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ چووم، هه‌ر له‌نێو چادری په‌رستندا بووم.
6
له‌ هه‌موو هاتوچۆكردنه‌كانم له‌گه‌ڵ هه‌موو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسه‌یه‌كم كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ڕابه‌ره‌كانی ئیسرائیل، ئه‌وانه‌ی فه‌رمانم پێكردن بۆ ئه‌وه‌ی شوانایه‌تی گه‌له‌كه‌م بكه‌ن، ’بۆچی ماڵێكتان له‌ داری ئورز بۆ دروستنه‌كردووم؟‘“
7
«ئێستاش ئاوا به‌ داودی به‌نده‌م ده‌ڵێیت: ”یه‌زدانی سوپاسالار ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من تۆم له‌ شوانایه‌تی مه‌ڕه‌وه‌ برد و تۆم كرده‌ فه‌رمانڕه‌وای ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی خۆم.
8
له‌گه‌ڵتدا بووم بۆ هه‌ر شوێنێك چووبیت و هه‌موو دوژمنه‌كانی تۆم له‌به‌رده‌مت بڕیوه‌ته‌وه‌. ئێستا ناوێكت بۆ دروستده‌كه‌م وه‌ك ناوی گه‌وره‌كان كه‌ له‌سه‌ر زه‌وین.
9
شوێنێكیش بۆ ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌م دیاری ده‌كه‌م و ده‌یچێنم و له‌ جێی خۆی نیشته‌جێی ده‌كه‌م، ئیتر وه‌ك پێشوو بێزار ناكرێن و خه‌ڵكانی ناڕه‌وا نایانچه‌وسێننه‌وه‌،
10
وه‌ك ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی ڕابه‌رم له‌سه‌ر ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌م داده‌نا. منیش تۆ له‌ ده‌ستی هه‌موو دوژمنه‌كانت ده‌حه‌وێنمه‌وه‌.
«”یه‌زدان پێت ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یه‌زدان خۆی ماڵت بۆ دروستده‌كات.
11
كاتێك ژیانت ته‌واو ده‌بێت و ده‌چیته‌ پاڵ باوباپیرانت، من وه‌چه‌كه‌ت داده‌مه‌زرێنم، ئه‌وه‌ی له‌دوای خۆت له‌ كوڕه‌كانت ده‌بێت، پاشایه‌تییه‌كه‌ی جێگیر ده‌كه‌م.
12
ئه‌و ماڵێكم بۆ بنیاد ده‌نێت و منیش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ته‌خته‌كه‌ی جێگیر ده‌كه‌م.
13
من ده‌بمه‌ باوكی ئه‌و و ئه‌ویش ده‌بێته‌ كوڕی من. خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌م بۆ ئه‌و داناماڵرێت، هه‌روه‌ك چۆن دامماڵی له‌وه‌ی له‌پێش تۆ بوو.
14
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ش له‌ ماڵه‌كه‌م و له‌ناو پاشایه‌تییه‌كه‌مدا دایده‌نێم، هه‌تاهه‌تایه‌ ته‌خته‌كه‌ی جێگیر ده‌بێت.“»
15
ئینجا ناتان به‌پێی وشه‌كانی ئه‌م سروشه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ داود كرد.
نوێژی داود 
16
ئه‌وسا داودی پاشا چوو و له‌به‌رده‌م یه‌زدان دانیشت و گوتی:
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگار، من كێم و بنه‌ماڵه‌كه‌ی من كێیه‌ كه‌ تۆ به‌م پایه‌یه‌ت گه‌یاندووم؟
17
ئه‌ی خودایه‌، تۆ هێشتا ئه‌مه‌ت به‌ كه‌م زانی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ هاتیت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی ماڵی ئه‌م به‌نده‌یه‌ت به‌ڵێنی گه‌وره‌تر بده‌یت. ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگار، به‌ كه‌سێكی پایه‌به‌رز داتنام و ته‌ماشات كردم.
18
«ئیتر داود چی زیاتر به‌ تۆ بڵێت كه‌ به‌نده‌كه‌تت پایه‌دار كردووه‌؟ چونكه‌ تۆ به‌نده‌كه‌ی خۆت ده‌ناسیت.
19
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ له‌ پێناوی به‌نده‌كه‌ت و به‌ خواستی دڵی خۆت ئه‌م كاره‌ گه‌وره‌ت كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو به‌ڵێنه‌ گه‌ورانه‌ بزانرێن.
20
«ئه‌ی یه‌زدان، كوا هاوتای تۆ؟ بێجگه‌ له‌ تۆ خودایه‌ك نییه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ گوێی خۆمان گوێمان لێبووه‌.
21
هه‌روه‌ها كێ وه‌ك ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی تۆیه‌؟ ئه‌م گه‌له‌ تاكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ زه‌ویدا كه‌ خودا هات بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لێك بۆ خۆی بكڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناوێك بۆ خۆی دابنێت و كاری مه‌زن و سامناك بكات، به‌ ده‌ركردنی نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رده‌م گه‌له‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی له‌ میسر بۆ خۆت كڕیته‌وه‌.
22
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ گه‌لی ئیسرائیلت بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ كرده‌ گه‌لی خۆت و تۆش بوویته‌ خودایان.
23
«ئه‌ی یه‌زدان، ئێستاش ئه‌و به‌ڵێنه‌ی سه‌باره‌ت به‌ به‌نده‌كه‌ت و به‌ ماڵه‌كه‌ی فه‌رمووت، با بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بچه‌سپێت، هه‌روه‌ك فه‌رمووت ئاوا بكه‌،
24
بیچه‌سپێنه‌، تاوه‌كو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناوت مه‌زن بێت و بگوترێت: ”یه‌زدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیله‌!“ با ماڵی داودی به‌نده‌شت له‌به‌رده‌متدا جێگیر بێت.
25
«ئه‌ی خودای من، بۆ به‌نده‌كه‌ی خۆتت ئاشكرا كرد كه‌ ماڵێكی بۆ بنیاد ده‌نێیت، له‌به‌ر ئه‌مه‌ به‌نده‌كه‌ت ئازایه‌تی له‌ خۆیدا بینی له‌به‌رده‌متدا نزا بكات.
26
ئه‌ی یه‌زدان، تۆ خودایت، به‌ڵێنی ئه‌م چاكه‌یه‌ت به‌ به‌نده‌كه‌ت داوه‌.
27
ئێستاش ڕه‌زامه‌ندی بفه‌رموو بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی به‌نده‌كه‌ت به‌ره‌كه‌تدار بكه‌یت، تاوه‌كو بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌به‌رده‌مت بێت، ئه‌ی یه‌زدان، چونكه‌ تۆ به‌ره‌كه‌تدارت كردووه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بێت.»