عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هێنانی سندوقی په‌یمان بۆ ئۆرشه‌لیم 
1
داود چه‌ند ته‌لارێكی بۆ خۆی له‌ شاری داود دروستكرد و شوێنێكی بۆ سندوقی خودا ئاماده‌ كرد و چادرێكی بۆی هه‌ڵدا.
2
ئینجا داود گوتی: «كه‌س بۆی نییه‌ سندوقی خودا هه‌ڵبگرێت، ته‌نها لێڤییه‌كان نه‌بێت، چونكه‌ یه‌زدان ئه‌وانی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی سندوقی یه‌زدان و خزمه‌تكردنی هه‌تاهه‌تایه‌.»
3
داود هه‌موو ئیسرائیلی له‌ ئۆرشه‌لیم كۆكرده‌وه‌ بۆ هێنانی سندوقی یه‌زدان بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ بۆی ئاماده‌ كردبوو.
4
هه‌روه‌ها داود نه‌وه‌ی هارون و لێڤییه‌كانی كۆكرده‌وه‌.
5
له‌ نه‌وه‌ی قه‌هات،
ئوریێلی سه‌ركرده‌ و سه‌د و بیست كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
6
له‌ نه‌وه‌ی مه‌راری،
عه‌سایای سه‌ركرده‌ و دوو سه‌د و بیست كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
7
له‌ نه‌وه‌ی گێرشۆن،
یۆئێلی سه‌ركرده‌ و سه‌د و سی كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
8
له‌ نه‌وه‌ی ئه‌لیچافان،
شه‌مه‌عیای سه‌ركرده‌ و دوو سه‌د كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
9
له‌ نه‌وه‌ی حه‌برۆن،
ئه‌لیێلی سه‌ركرده‌ و هه‌شتا كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
10
له‌ نه‌وه‌ی عوزیێل،
عه‌مینادابی سه‌ركرده‌ و سه‌د و دوازده‌ كه‌س له‌ خزم و نزیكه‌كانی.
11
ئینجا داود بانگی سادۆق و ئه‌بیاتاری كرد كه‌ هه‌ردووكیان كاهین بوون، هه‌روه‌ها بانگی ئوریێل و عه‌سایا و یۆئێل و شه‌مه‌عیا و ئه‌لیێل و عه‌مینادابی كرد كه‌ له‌ لێڤییه‌كان بوون.
12
پێی گوتن: «ئێوه‌ گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی لێڤین، خۆتان و براكانتان ته‌رخان بكه‌ن و سندوقی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل بۆ ئه‌و شوێنه‌ بهێنن كه‌ بۆم ئاماده‌ كردووه‌،
13
چونكه‌ یه‌كه‌م جار ئێوه‌ی لێڤی ئه‌وتان هه‌ڵنه‌گرت، ئیتر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان دڕی پێداین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرسمان به‌ خودا نه‌كرد كه‌ چۆن ئه‌و كاره‌ بكه‌ین.»
14
ئینجا كاهین و لێڤییه‌كان خۆیان ته‌رخان كرد بۆ هێنانی سندوقی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل.
15
نه‌وه‌ی لێڤییه‌كان هه‌روه‌ك چۆن موسا به‌پێی فه‌رمایشتی یه‌زدان فه‌رمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان به‌ دوو داره‌كه‌ی له‌سه‌ر شانیان هه‌ڵگرت.
16
داود به‌ سه‌ركرده‌ لێڤییه‌كانی گوت كه‌ برا گۆرانیبێژه‌كانیان به‌ ئامێره‌كانی مۆسیقاوه‌ دابنێن، به‌ ساز و قیساره‌ و سه‌نجه‌وه‌، هه‌تا به‌ خۆشییه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی به‌رز گۆرانی بڵێن.
17
لێڤییه‌كانیش ئه‌مانه‌یان دانا: هێیمانی كوڕی یۆئێل و له‌ براكانیشی ئاسافی كوڕی به‌ره‌خیا و له‌ نه‌وه‌ی مه‌راریش له‌ براكانیان، ئێیتانی كوڕی قوشایاهو،
18
له‌گه‌ڵیشیان خزم و كه‌سه‌ پله‌ دووه‌كانیان: زه‌كه‌ریا، یه‌عزیێل، شه‌میرامۆت، یه‌حیێل، عونی، ئه‌لیاب، به‌نایا، مه‌عسێیاهو، مه‌تیسیا، ئه‌لیفه‌لێهو و میقنێیاهو و هه‌ردوو ده‌رگاوانه‌كان، عوبێد ئه‌دۆم و یه‌عیێل.
19
مۆسقاژه‌نه‌كانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سه‌نجی بڕۆنزیان لێده‌دا.
20
زه‌كه‌ریا و عه‌زیێل و شه‌میرامۆت و یه‌حیێل و عونی و ئه‌لیاب و مه‌عسێیاهو و به‌نایا سازیان به‌ شێوه‌ی عه‌لامۆت[a] ده‌ژه‌ند.
21
مه‌تیسیا و ئه‌لیفه‌لێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئه‌دۆم و یه‌عیێل و عه‌زه‌زیاهو قیساره‌یان بۆ ڕابه‌رایه‌تیكردن به‌ شێوه‌ی شه‌مینیت[b] ده‌ژه‌ند.
22
كه‌نه‌نیاهوی به‌هۆی شاره‌زاییه‌ باشه‌كه‌ی له‌ مۆسیقا، ڕابه‌رایه‌تی ژه‌نیاره‌ لێڤییه‌كانی ده‌كرد.
23
به‌ره‌خیا و ئه‌لقانه‌ش ده‌رگاوانی سندوقی په‌یمانه‌كه‌ بوون.
24
كاهینه‌كانیش شه‌ڤه‌نیا و یۆشافات و نه‌ته‌نێل و عه‌ماسه‌ی و زه‌كه‌ریا و به‌نایا و ئه‌لیعه‌زه‌ر له‌به‌رده‌م سندوقی خودا فوویان به‌ كه‌ڕه‌نادا ده‌كرد و عوبێد ئه‌دۆم و یه‌حیاش ده‌رگاوانی سندوقی په‌یمانه‌كه‌ بوون.
25
داود و پیرانی ئیسرائیل و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كانی هه‌زاران به‌ خۆشییه‌وه‌ چوون بۆ هێنانی سندوقی په‌یمانی یه‌زدان له‌ ماڵی عوبێد ئه‌دۆمه‌وه‌.
26
كاتێك خودا یارمه‌تی لێڤییه‌كانی هه‌ڵگرانی سندوقی په‌یمانی یه‌زدانی دا، حه‌وت گا و حه‌وت به‌رانیان وه‌ك قوربانی سه‌ربڕی.
27
داود و هه‌موو لێڤییه‌كانی كه‌ سندوقی په‌یمانیان هه‌ڵده‌گرت، مۆسیقاژه‌نه‌كان و كه‌نه‌نیاهوی ڕابه‌ری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژه‌كان، هه‌مووان كه‌وای كه‌تانی ناسكیان له‌به‌ردا بوو، هه‌روه‌ها داود ئێفۆدێكی كه‌تانی له‌به‌ردا بوو.
28
هه‌موو ئیسرائیل به‌ هاواری خۆشی و به‌ لێدانی كه‌ڕه‌نا و كه‌ڕه‌نای قۆچه‌ به‌ران و سه‌نج، هه‌روه‌ها به‌ ژه‌نینی ساز و قیساره‌، سندوقی په‌یمانی یه‌زدانیان هێنا.
29
كاتێك سندوقی په‌یمانی یه‌زدان هاته‌ ناو شاری داود، میخه‌لی كچی شاول له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یری خواره‌وه‌ی كرد و بینی داودی پاشا سه‌ما ده‌كات و هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه‌، له‌ دڵی خۆیدا به‌ سووكی زانی.
  1. a. 15‏:20 جۆره‌ ئاوازێكه‌، واته‌ به‌ ده‌نگی كیژۆڵه‌كان. بڕوانه‌ زه‌بووره‌كان 46.
  2. b. 15‏:21 ده‌شێت زاراوه‌یه‌كی مۆسیقی بێت. بڕوانه‌ زه‌بووره‌كان 6.