عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم
 - 1
 - داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا.
 - 2
 - ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
 - 3
 - داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو.
 - 4
 - هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
 - 5
 - لە نەوەی قەهات،
ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 6
 - لە نەوەی مەراری،
عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 7
 - لە نەوەی گێرشۆن،
یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 8
 - لە نەوەی ئەلیچافان،
شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 9
 - لە نەوەی حەبرۆن،
ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 10
 - لە نەوەی عوزیێل،
عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی. - 11
 - ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون.
 - 12
 - پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە،
 - 13
 - چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.»
 - 14
 - ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
 - 15
 - نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
 - 16
 - داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
 - 17
 - لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو،
 - 18
 - لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
 - 19
 - مۆسیقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا.
 - 20
 - زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[a] دەژەند.
 - 21
 - مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[b] دەژەند.
 - 22
 - کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
 - 23
 - بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
 - 24
 - کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
 - 25
 - داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە.
 - 26
 - کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی.
 - 27
 - داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو.
 - 28
 - هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
 - 29
 - کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
 
- a. 15:20 جۆرە ئاوازێکە، واتا بە دەنگی کیژۆڵەکان. بڕوانە زەبوورەکان 46.
 - b. 15:21 دەشێت زاراوەیەکی مۆسیقی بێت. بڕوانە زەبوورەکان 6.
 

