عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
بریا برای من بووای،
شیرەخۆری مەمکی دایکم!
ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت،
بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.
2
دەمبردیت،
دەمبردیتە ماڵی دایکم،
ئەوەی منی پەروەردە کردووە.
شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای،
لە خۆشاوی هەنارەکەم.
3
دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
4
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
دەستەخوشکەکان 
5
ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و
پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟
لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای،
لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو،
لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
ئەویندار 
6
بمکە مۆر لەسەر دڵت،
مۆر لەسەر بازووت،
چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە،
وەک ئاگرێکی بەهێزە.
7
ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
بە بێبەها دادەنرێت.
دەستەخوشکەکان 
8
خوشکێکی بچووکمان هەیە،
هێشتا مەمکی نەهاتووە.
چی بکەین بۆ خوشکمان،
ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟
9
ئەگەر شوورا بێت،
قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین.
ئەگەر دەرگا بێت،
بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین.
ئەویندار 
10
من شوورام و
مەمکەکانم وەک قوللەن،
بەم جۆرە لە چاوەکانی
پەسەندی بەدی دەکەم.
11
سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعل‌هامۆن،
ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان،
هەریەکە و لەبری بەرهەمەکەی
هەزار شاقل[a] زیوی دەدا.
12
بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛
ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت،
دوو سەد شاقلیش[b] بۆ ڕەزەوانەکان.
دڵدار 
13
ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان!
هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە،
با گوێم لێت بێت.
ئەویندار 
14
ڕابکە، دڵدارەکەم،
وەک ئاسک بە
یان وەک کارمامز
لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.

  1. a. 8‏:11 نزیکەی 11,5 کیلۆگرام.‏
  2. b. 8‏:12 دوو سەد شاقل نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.‏