عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- زەبوورێکی داود.
- 1
- ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من،
ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ،
پەنجەکانم بۆ جەنگ. - 2
- ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە،
پەناگا و دەربازکەرە بۆم،
قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە،
ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم. - 3
- ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟
کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟ - 4
- مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت،
ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە. - 5
- ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە،
دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن. - 6
- چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە،
تیرت تێگرە و بیانبەزێنە. - 7
- لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە،
فریام بکەوە و دەربازم بکە،
لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە، - 8
- ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
سوێندخواردنیان ساختەیە. - 9
- ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم، - 10
- بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات. - 11
- دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
سوێندخواردنیشیان ساختەیە. - 12
- ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن،
کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
گۆشەی کۆشک دەبن. - 13
- ئەمبارەکانمان پڕ دەبن
لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان، - 14
- گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن.
بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت! - 15
- خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.