عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- دادوەری لە دژی نەتەوەکان
- 1
- ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن،
ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن!
با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت،
جیهان و هەموو بەرهەمەکانی، - 2
- چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە،
هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە.
بە تەواوی قڕی کردوون[a] ،
بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین. - 3
- کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن،
تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و
چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە. - 4
- خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە،
ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە.
هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن،
وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو،
وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی. - 5
- شمشێری من لە ئاسمان کاری تەواو بووە،
وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و
بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان. - 6
- شمشێری یەزدان خوێنی لێ دەتکێت،
قەڵەو بووە بە پیو[b] ،
بە خوێنی بەرخ و تەگە،
بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان،
چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و
سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم. - 7
- گای کێوی لەگەڵیان دەکەون،
گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان،
زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت،
خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت. - 8
- یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە،
ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن. - 9
- جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیر و
خۆڵەکەی بە گۆگرد،
زەوییەکەی دەبێت بە قیری داگیرساو! - 10
- شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە،
دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.
نەوە دوای نەوە کاول دەبێت،
بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت. - 11
- کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن،
کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن.
بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و
شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات. - 12
- خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن،
هەموو میرەکانی لەناودەچن. - 13
- دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت،
چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی.
دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و
لانەی کوندەپەپوو. - 14
- دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن،
تەگە[c] بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن،
دڕندەکان شەو لەوێدا ئارام دەگرن و
جێی حەوانەوە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە. - 15
- لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات،
کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت.
لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە،
هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی. - 16
- تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە:
یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە،
هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات،
چونکە دەمی یەزدان فەرمانی داوە،
ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە. - 17
- ئەو زەوییەکە لەنێوانیان دابەش دەکات،
دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش دەکات.
بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن،
نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.
- a. 34:2 قڕی کردوون: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
- b. 34:6 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 7.
- c. 34:14 نێری، سابرێن.