عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- قوڕبەسەر شارەکەی داود
- 1
- قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل[a]
ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!
ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،
با جەژنەکان بسوڕێنەوە. - 2
- منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،
جا دەبێت بە گریان و شیوەن و
بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای[b] لێدێت، - 3
- وەک بازنە دەورت دەدەم،
بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و
سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم. - 4
- جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،
قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،
دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،
قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت. - 5
- ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و
ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.
لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت، - 6
- لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە،
بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە. - 7
- وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی، - 8
- وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات،
بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە،
بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن. - 9
- بحەپەسێن و سەرسام بن!
خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن. - 10
- یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە. - 11
- جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»
- 12
- یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»
- 13
- جا پەروەردگار دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و
بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن،
بەڵام دڵیان لێم دوورە،
پەرستنیان بۆ من
تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە. - 14
- لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە
کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،
دانایی داناکانی لەناودەبەم و
تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.» - 15
- قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە
بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،
کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و
دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟» - 16
- ئای لە هاڵاوگێڕیتان،
ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک
تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:
«تۆ دروستت نەکردم»؟
یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:
«تێناگەیت»؟ - 17
- ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
باخیش بە دارستان دانانرێت؟ - 18
- جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
چاوی نابیناکان دەبینن. - 19
- زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن. - 20
- زۆردار لەناودەچێت و
گاڵتەجاڕ نەمێنێت و
هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە. - 21
- ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن. - 22
- لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:
«ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
ئێستا ڕوو زەرد نابێت. - 23
- کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
لەنێویاندا دەبینن،
وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا[c] دەنێن،
لە خودای ئیسرائیل دەترسن. - 24
- ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
- a. 29:1 ئەریێل ئەو ناوە شیعرییەیە کە بۆ ئۆرشەلیم بەکاردەهێنرا، واتای ناوەکە: شێری خودا.
- b. 29:2 لە زمانی عیبری هەمان وشەی ئەریێل بەکارهاتووە بە واتایەکی دیکە. بڕوانە ئایەتی 1.
- c. 29:23 پیرۆزەکەی یاقوب: مەبەست لە خودای پیرۆزی یاقوبە.