عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- قوڕبەسەر نەتەوەی کەللەڕەق
- 1
- یەزدان دەفەرموێت:
«قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق،
پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە،
داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە
بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن. - 2
- دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە
بێ ئەوەی پرس بە من بکەن،
هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون،
لە سایەی میسر پەناگیر بن. - 3
- بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و
پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری. - 4
- هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن،
نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس، - 5
- بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن
لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان،
بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە،
چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.» - 6
- سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب:
لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا،
ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت،
مار و ماری ژەهراوی باڵدار،
سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن،
لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان
بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن، - 7
- چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر.
لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا:
«ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات». - 8
- ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و
لە تۆمارێک نەخشی بکە،
هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە
شایەتێک بۆ هەتاهەتایە. - 9
- ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن،
ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن. - 10
- بە پێشبینیکەر دەڵێن:
«پێشبینی مەکە!»
بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن:
«پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە!
قسەی لووسمان بۆ بکە،
خەونی تەفرەدەر ببینە! - 11
- لە ڕێگا لابدەن،
ڕێچکە بەر بدەن،
چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە
لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!» - 12
- لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
«ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و
متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و
پشتتان پێیان بەست، - 13
- لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک
دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت،
ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت. - 14
- وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت
بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت،
لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی
پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە
یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.» - 15
- یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
«بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،
پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،
بەڵام نەتانویست، - 16
- گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“
لەبەر ئەوە هەڵدێن!
گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“
لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! - 17
- لە ڕووی نەڕەی یەک کەس
هەزار کەس هەڵدێت،
لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس
هەمووتان هەڵدێن،
هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و
وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» - 18
- بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! - 19
- ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت.
- 20
- هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن.
- 21
- کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.»
- 22
- پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»
- 23
- ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن.
- 24
- گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت.
- 25
- جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون.
- 26
- جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.
- 27
- ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات،
تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە.
لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و
زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە. - 28
- هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە
دەگات بە گەردن،
بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان
بە بێژنگی لەناوچوون و
لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە. - 29
- گۆرانییەکتان بۆ دەبێت
وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن،
خۆشی دڵیش
وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات
هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان،
بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل. - 30
- یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و
دابەزینی بازووی ببینرێت
بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر،
بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە. - 31
- ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت،
بە داردەست لێدەدات. - 32
- جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری،
ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت،
بە دەف و قیسارەوە دەبێت و
بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت. - 33
- چاڵی تۆفەت[a] لەمێژە ڕێکخراوە،
بۆ پاشا ئامادە کراوە،
قووڵە، بەرینە،
کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە.
هەناسەی یەزدان
وەک ڕووباری گۆگردە
گڕی تێبەردەدات.
- a. 30:33 شوێنێک بووە بۆ سووتاندنی قوربانی بتپەرستەکان کە زۆر جار مرۆڤی تێدا کراوەتە قوربانی. بڕوانە دووەم پاشایان 23:10.