عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو،
بۆ خۆی بەری دەگرت.
بەپێی زۆری بەروبوومەکەی،
قوربانگای زۆر کرد.
بەپێی باشی خاکەکەی،
بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد. - 2
- دڵیان فریودەر بوو،
ئێستا سزا دەدرێن.
یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت،
بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات. - 3
- لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە،
چونکە لە یەزدان نەترساین،
ئەگەر پاشاشمان هەبێت،
چیمان بۆ دەکات؟» - 4
- بە سوێندی درۆ قسە دەکەن،
پەیمان دەبەستن،
ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت
وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت. - 5
- خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە
لەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە[a] .
گەلەکەی و کاهینە بتپەرستەکانیشی
لەبەر شکۆمەندییەکەی ئاهەنگیان دەگێڕا،
بەڵام لە داهاتوودا شینی بۆ دەگێڕن،
چونکە بۆ ڕاپێچ لێیان وەرگیراوە. - 6
- ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت،
وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز.
ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و
ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت. - 7
- سامیرە و پاشاکەی لەناودەچن،
وەک چیلکە دار بەسەر ڕووی ئاوەوە دوور دەکەونەوە. - 8
- نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری[b] وێران دەبن،
کە گوناهی ئیسرائیلن،
دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن.
ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و
بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!» - 9
- «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد،
لەوێدا وەستان،
لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟ - 10
- کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم،
گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن،
کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن. - 11
- ئەفرایم گوێرەکەیەکی[c] ڕاهێنراوە
حەز لە گێرەکردن دەکات.
لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی،
سوار دەخەمە سەر ئەفرایم،
یەهودا دەیکێڵێت،
یاقوبیش خەرتەی دەکات. - 12
- ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و
بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە.
بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن،
چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت. - 13
- بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و
بەدڕەفتاریتان دوورییەوە،
بەروبوومی درۆتان خوارد،
چونکە پشتت بە هێزی خۆت و
بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست، - 14
- چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە.
هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن،
وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی[d] تێکدا،
دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران. - 15
- ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت،
لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە.
لە بەرەبەیاندا،
پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.
- a. 10:5 واتا (ماڵی بەدکاری)، هەروەها بێتئێل واتا (ماڵی خودا).
- b. 10:8 بەدکاری: عیبری \+tl ئاڤن\+tl*، مەبەست لە بێتئاڤنە، کە ناوێکی سووکە بۆ بێتئێل.
- c. 10:11 گوێرەکەیەک: واتا عیبرییەکەی گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە.
- d. 10:14 هەولێر.