عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە
- 1
- یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.
- 2
- «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
دەبیتە بەرەکەت. - 3
- ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.» - 4
- ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، لوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت.
- 5
- ئەبرام سارایی ژنی و لوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی و بەرەو خاکی کەنعان چوون و گەیشتنە ئەوێ.
- 6
- ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتەدا کەنعانییەکان لە خاکەکەدا بوون.
- 7
- یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.
- 8
- لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێتئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێتئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە و عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
- 9
- پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب[a] بەردەوام بوو لە کۆچکردن.
- ئەبرام لە میسر
- 10
- لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو بۆ ماوەیەک لەوێ بژیێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر بوو.
- 11
- کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارایی ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت.
- 12
- کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە.
- 13
- بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»
- 14
- کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە.
- 15
- کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون.
- 16
- ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و کۆیلە و کەنیزە و وشتر.
- 17
- بەڵام یەزدان بەهۆی سارایی ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد.
- 18
- ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟
- 19
- بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ تاکو بیبەم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!»
- 20
- ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.
- a. 12:9 عیبری: \+tl نەگەڤ\+tl*. لەو ڕۆژانەدا خاکێکی نیمچە وشک بووە لە باشووری کەنعان.