عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- جیابوونەوەی ئەبرام و لوت
- 1
- ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب.
- 2
- ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.
- 3
- قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێتئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێتئێل و عای،
- 4
- بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
- 5
- هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو.
- 6
- بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە.
- 7
- ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.
- 8
- ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین[a] .
- 9
- ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»
- 10
- لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات.
- 11
- لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە.
- 12
- ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا.
- 13
- خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد.
- 14
- دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە،
- 15
- چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
- 16
- نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت.
- 17
- بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»
- 18
- ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن[b] نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.
- a. 13:8 برازاین: عیبری: برا یان خزم. بڕوانە 11:31.
- b. 13:18 بە دووری 32 کم لە باشووری ئۆرشەلیمە، ئێستا بە ناوی (الخلیل) ناسراوە، بە ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوە.