عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- سەپاندنی حوکمی یەزدان
- 1
- ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی.
- 2
- یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن،
- 3
- دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“
- 4
- لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»
- 5
- جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە.
- 6
- زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.
- 7
- «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لە ناوەڕاستی دەردەکەم.
- 8
- ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
- 9
- لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم.
- 10
- بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
- 11
- ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم.
- 12
- ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»
- 13
- کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»
- 14
- ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
- 15
- «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوور کەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“
- بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل
- 16
- «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پیرۆزگایەک لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“
- 17
- «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
- 18
- «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن.
- 19
- یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ،
- 20
- بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
- 21
- بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
- 22
- ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
- 23
- شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە.
- 24
- ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.
لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، - 25
- ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.