عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شکۆمەندی خودا پەرستگاکە بەجێدەهێڵێت
- 1
- ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا.
- 2
- یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.
- 3
- کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی[a] پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە.
- 4
- شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان.
- 5
- دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا کە قسە بکات.
- 6
- کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی: «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا.
- 7
- کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە.
- 8
- لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.
- 9
- تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو.
- 10
- هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت.
- 11
- کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا.
- 12
- هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو[b] بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە.
- 13
- گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە».
- 14
- هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.
- 15
- ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم.
- 16
- لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە.
- 17
- کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە کەڕوبەکان بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.
- 18
- ئینجا شکۆمەندی یەزدان بەردەرگای پەرستگای بەجێهێشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا.
- 19
- لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
- 20
- ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن.
- 21
- هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو.
- 22
- شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.