عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما
- 1
- کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک بە ناوی یولیۆس کە لە سوپای ئیمپراتۆر بوو.
- 2
- سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین و بەڕێکەوتین، کە دەیویست بۆ چەند بەندەرێکی ئاسیا بڕوات. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، کە خەڵکی سالۆنیکییا بوو.
- 3
- بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن.
- 4
- ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو.
- 5
- کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین.
- 6
- لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین.
- 7
- کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەلمۆن ڕۆیشتین.
- 8
- بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.
- 9
- لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، گەشتی دەریایی ترسناک بوو، چونکە ڕۆژی کەفارەت[a] بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و
- 10
- پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.»
- 11
- بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس.
- 12
- لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.
- گەشتێکی ترسناک
- 13
- کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین.
- 14
- بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و
- 15
- کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد.
- 16
- تۆفانەکە ئێمەی بەرەو پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە.
- 17
- کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[b] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[c] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد.
- 18
- بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد.
- 19
- لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا.
- 20
- ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، هەتا دەهات ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.
- 21
- کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون.
- 22
- ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، تەنها کەشتییەکە تێکدەشکێت،
- 23
- چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم، هاتە لام و
- 24
- گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“
- 25
- کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم.
- 26
- بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»
- 27
- لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە.
- 28
- کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[d] . کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە.
- 29
- دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت.
- 30
- کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە.
- 31
- پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.»
- 32
- ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
- 33
- کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن و گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن.
- 34
- بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.»
- 35
- کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد.
- 36
- ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد.
- 37
- ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین.
- 38
- کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
- تێکشکانی کەشتییەکە
- 39
- کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن.
- 40
- ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن.
- 41
- بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
- 42
- پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت.
- 43
- بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس بپارێزێت، بۆیە پلانەکەی ڕاگرتن و فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی،
- 44
- ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە خۆیان بگەیەننە وشکانی. بەو شێوەیە هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.
- a. 27:9 ڕۆژی کەفارەت دەکەوێتە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)، پیرۆزترین ڕۆژی جولەکەکانە و لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن. بڕوانە لێڤییەکان 23:27-28.
- b. 27:17 شوێنێک لەنێوان دوو دەریا، قووڵایی کەمە.
- c. 27:17 لەنگەری دەریا: لەنگەرێکی تایبەتە بۆ کەمکردنەوەی خێرایی کەشتی بەکاردەهێنرێت.
- d. 27:28 نزیکەی 37 مەتر.