عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- لە دوورگەی ماڵتا
- 1
- کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا.
- 2
- دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین. ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، چونکە باران دەباری و کەشوهەوا سارد بوو.
- 3
- پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی.
- 4
- کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستییەوە هەڵواسیوە، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، بەڵام خوداوەندی دادپەروەری ناهێڵێت بژیێت.»
- 5
- بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو.
- 6
- ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»
- 7
- دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە. ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین.
- 8
- وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس لەناو جێگادا کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە.
- 9
- کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە.
- 10
- ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.
- لە ماڵتاوە بۆ ڕۆما
- 11
- دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو؛ کەشتییەکە وێنەی دوو خوداوەندی جمکی بە ناوی کاستۆر و پۆلوکس لەسەر بوو.
- 12
- کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین، سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
- 13
- ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیۆلی.
- 14
- لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما.
- 15
- لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس[a] و سێ خانەکە[b] هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە.
- 16
- کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.
- 17
- دوای سێ ڕۆژ پۆڵس ڕابەرانی جولەکەی بانگکرد. کاتێک کۆبوونەوە، پێی گوتن: «برایان، هەرچەندە هیچم لە دژی گەلەکەمان و نەریتی باوباپیرانمان نەکردووە، بەڵام لە ئۆرشەلیم گیرام و درامە دەستی ڕۆمانییەکان.
- 18
- لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد ویستیان ئازادم بکەن، چونکە هۆیەکیان بۆ کوشتنم نەدۆزییەوە.
- 19
- بەڵام جولەکە ناڕازی بوون و منیش ناچار بووم داواکارییەکەم بدەمە قەیسەر، مەبەستم ئەوە نەبوو سکاڵا لە گەلی خۆم بکەم.
- 20
- لەبەر ئەوە داوام کرد بتانبینم و قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە لە پێناوی هیوای ئیسرائیل ئەم زنجیرەم پێوەیە.»
- 21
- وەڵامیان دایەوە: «دەربارەی تۆ نامەمان لە یەهودیاوە وەرنەگرتووە، کەسیش لە برایان نەهاتووە تاکو دەربارەی تۆ هەواڵمان بداتێ یان بە خراپە باست بکات.
- 22
- بەڵام پێمان خۆشە گوێمان لە بۆچوونەکانی تۆ بێت، چونکە دەزانین کە خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە بەربەرەکانێی ئەم ڕێبازە دەکات.»
- 23
- ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت.
- 24
- جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد.
- 25
- ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:
- 26
- «﴿بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ:
”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“ - 27
- چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن و
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.﴾[c] - 28
- «با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ ناجولەکەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.»
- 29
- {کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.}
- 30
- پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای،
- 31
- بەوپەڕی ئازایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.
- a. 28:15 یۆنانی: \+tl فۆروم ئەپیۆس\+tl*.
- b. 28:15 شوێنێکە، بە نزیکەی 40کم لە باشووری ڕۆمایە.
- c. 28:27 ئیشایا 6:9، 10