عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.
- 1
- پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
- ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری
- 2
- «هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی
 بە تەواوەتی دادەماڵم.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 3
- «مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
 باڵندەکانی ئاسمان و
 ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
 بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
 مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا
- 4
- «دەستم بۆ سەر یەهودا و
 بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
 ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
 ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
- 5
- ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
 بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
 ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
 هەروەها سوێند بە مۆلەخیش[a] دەخۆن،
- 6
- لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
 ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
- 7
- لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
 چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیکە.
 یەزدان قوربانی ئامادە کردووە،
 بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
- 8
- لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
 میران سزا دەدەم
 هەروەها کوڕانی پاشا و
 هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
- 9
- لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
 کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،[c]
 ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
 لە ستەم و فێڵبازی.
- 10
- یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا،
 دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
 ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
 دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
- 11
- ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش[d]  بناڵێنن،
 هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
 هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
- 12
- لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
 ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
 ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
 لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
 ”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
- 13
- ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
 ماڵیان وێران دەبێت.
 ماڵ بنیاد دەنێن و
 تێیدا دانانیشن؛
 ڕەز دەچێنن و
 لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
- ڕۆژی گەورەی یەزدان
- 14
- «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
 نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
 هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
 پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
- 15
- ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
 ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
 ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
 ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
 ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
- 16
- ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
 لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
 لە دژی قوللە بەرزەکان.
- 17
- «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
 وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
 چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
 ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
 هەناویشیان وەک زبڵ.
- 18
- نە زیو و نە زێڕەکەیان
 ناتوانن دەربازیان بکەن،
 لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.
 «بە ئاگری ئیرەییەکەی[e]
 هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
 چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
 بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»
- a. 1:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28:3.
- b. 1:7 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.
- c. 1:9 باز دەدەن: نەریتێکی بتپەرستانە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 5:5.
- d. 1:11 گەڕەکێک بووە لەناو بازاڕی گەورەی ئۆرشەلیم.
- e. 1:18 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.

