عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ بێ شه‌رمه‌كه‌،
خۆت كۆبكه‌ره‌وه‌، خۆت كۆبكه‌ره‌وه‌،
2
به‌ر له‌وه‌ی كاتی دیاریكراوتان له‌ده‌ست بچێت،
به‌ر له‌وه‌ی ئێوه‌ وه‌ك پوشوپه‌ڵاشی به‌رده‌م باتان به‌سه‌ربێت،
پێش ئه‌وه‌ی گڕی تووڕه‌یی یه‌زدان بێته‌ سه‌رتان،
پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی تووڕه‌یی یه‌زدان بێته‌ سه‌رتان.
3
ئه‌ی هه‌موو بێفیزه‌كانی سه‌ر زه‌وی، ڕوو له‌ یه‌زدان بكه‌ن،
ئێوه‌ ئه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
داوای ڕاستودروستی بكه‌ن، داوای بێفیزی بكه‌ن،
به‌ڵكو له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی یه‌زدان دابپۆشرێن.
سه‌باره‌ت به‌ فه‌له‌ستیه‌ 
4
غه‌زه‌ چۆڵ ده‌كرێت و
ئه‌سقه‌لان وێران ده‌بێت،
ئه‌شدۆد له‌ نیوه‌ڕۆدا كاول ده‌كرێت و
عه‌قرۆنیش ڕیشه‌كێش ده‌كرێت.
5
قوڕبه‌سه‌ر دانیشتووانی كه‌ناری ده‌ریا،
نه‌ته‌وه‌ی كریتییه‌كان!
فه‌رمایشتی یه‌زدان له‌ دژی ئێوه‌یه‌،
ئه‌ی كه‌نعان، خاكی فه‌له‌ستییه‌كان،
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌ناوت ده‌به‌م،
كه‌ست ناهێڵمه‌وه‌.»
6
كه‌ناری ده‌ریاش ده‌بێته‌ له‌وه‌ڕگا،
ده‌بێته‌ شوێنی شوانه‌كان، بۆ پشتیری[a] مه‌ڕ.
7
ده‌بێته‌ موڵكی پاشماوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا،
له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێنن،
ئێواران له‌ ماڵه‌كانی ئه‌سقه‌لان لاده‌ده‌ن،
چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه‌،
ڕاپێچكراوه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ مۆئاب و عه‌مۆن 
8
«گوێم له‌ جنێوه‌كانی مۆئاب و
قه‌شمه‌رییه‌كانی عه‌مۆنییه‌كان بوو،
ئه‌وانه‌ی جنێویان به‌ گه‌له‌كه‌م دا و
هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ خاكه‌كه‌یان كرد.»
9
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ده‌فه‌رموێت:
«به‌ گیانی خۆم، له‌به‌ر ئه‌وه‌
بێگومان مۆئاب وه‌ك سه‌دۆمی لێدێت،
عه‌مۆنییه‌كانیش وه‌ك عه‌مۆرا،
هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێته‌ شوێنی گه‌زگه‌زكه‌ و
چاڵی خوێ و وێرانییه‌.
پاشماوه‌ی گه‌له‌كه‌م تاڵانیان ده‌كه‌ن و
پاشماوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌بنه‌ میراتگری خاكه‌كه‌یان.»
10
له‌ به‌رامبه‌ر لووتبه‌رزییان ئه‌مه‌یان به‌سه‌ردێت،
له‌به‌ر جنێودان و سووكایه‌تییان به‌ گه‌لی یه‌زدانی سوپاسالار.
11
یه‌زدان ترسناك ده‌بێت بۆیان،
چونكه‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كانی سه‌ر زه‌وی تێكده‌شكێنێت.
هه‌موو خه‌ڵك هه‌ریه‌كه‌ و له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن،
هه‌ریه‌كه‌ و له‌ خاكه‌كه‌ی خۆی.
سه‌باره‌ت به‌ كوش 
12
«ئێوه‌ش ئه‌ی كوشییه‌كان[b] ،
به‌ شمشێری من ده‌كوژرێن.»
سه‌باره‌ت به‌ ئاشور 
13
ده‌ستی بۆ باكوور درێژ ده‌كات و
ئاشوریش له‌ناوده‌بات،
نه‌ینه‌وا وێران ده‌كات
وه‌ك بیابان وشك ده‌بێت.
14
ئینجا له‌وێدا مێگه‌له‌كان خۆیان ده‌كێشنه‌وه‌،
هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێك.
هه‌م كونده‌په‌پووی بیابان و هه‌م بایه‌قووش،
له‌سه‌ر ستوونه‌كانی شه‌و به‌سه‌رده‌به‌ن،
له‌ په‌نجه‌ره‌كانیه‌وه‌ ده‌نگیان دێت،
كاول بوون له‌ به‌رده‌رگایه‌
چونكه‌ دار ئورزه‌كانی ڕووت كراونه‌ته‌وه‌.
15
ئه‌مه‌ شاره‌ دڵخۆشه‌كه‌یه‌
كه‌ له‌ ئاسووده‌ییدا ده‌ژیا.
ئه‌وه‌ی له‌ دڵی خۆیدا ده‌یگوت:
«ته‌نها من، كه‌سی دیكه‌ هاوتای من نییه‌.»
ئاخ، چۆن وێران بوو،
لانه‌ی گیانله‌به‌ران!
هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌لایدا تێده‌په‌ڕن گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و
فیكه‌ لێده‌ده‌ن.
  1. a. 2‏:6 پشتیر: گه‌وڕ، شوێنێكی تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی ئاژه‌ڵ.
  2. b. 2‏:12 كوش وڵاتێك بووه‌ له‌ سه‌رووی ڕووباری نیل.