عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە،
تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!
2
ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت،
دارە گەورەکان تێکشکێنران!
ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن،
چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!
3
گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن،
چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون!
گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن،
چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.
دوو شوان 
4
یەزدانی پەروەردگارم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە.
5
ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.»
6
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»
7
ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناو نا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناو نا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند.
8
لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد.
مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و
9
فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوەی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»
10
ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو و شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم.
11
لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.
12
ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.
13
یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.
14
ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.
15
جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە،
16
چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.
17
«قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ،
ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە!
با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت!
با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و
چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»