عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وێرانبوونی دوژمنانی ئۆرشه‌لیم 
1
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌ به‌ سروش سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیل.
یه‌زدان، ئه‌وه‌ی كه‌ ئاسمانی ڕاخستووه‌، زه‌وی دامه‌زراندووه‌، شێوه‌ی ڕۆحی مرۆڤی له‌ ناخی مرۆڤدا كێشاوه‌، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
2
«من خه‌ریكم ئۆرشه‌لیم ده‌كه‌مه‌ جامێك هه‌موو گه‌لانی ده‌وروبه‌ری سه‌رخۆش ده‌كات. یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمیش گه‌مارۆ ده‌درێن.
3
له‌و ڕۆژه‌دا كاتێك هه‌موو گه‌لانی زه‌وی له‌ دژی ئه‌و كۆده‌بنه‌وه‌، ئۆرشه‌لیم بۆ هه‌موو گه‌لان ده‌كه‌مه‌ به‌ردێكی قورس. ئه‌وه‌ی بییه‌وێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار ده‌كات.»
4
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌و ڕۆژه‌دا هه‌موو ئه‌سپێك تووشی سه‌رلێشێوان ده‌كه‌م و سواره‌كه‌شی تووشی شێتی ده‌كه‌م. چاودێری بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌سپی گه‌لان تووشی كوێری ده‌كه‌م.
5
ئینجا سه‌ركرده‌كانی یه‌هودا له‌ دڵی خۆیاندا ده‌ڵێن: ”خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم به‌هێزن، چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار خودایانه‌.“
6
«له‌و ڕۆژه‌دا سه‌ركرده‌كانی یه‌هودا وه‌ك ئاگردانێك لێ ده‌كه‌م له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ دار و وه‌ك مه‌شخه‌ڵێكی ئاگر له‌نێو مه‌لو، جا به‌لای ڕاست و به‌لای چه‌پدا ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خواردنی هه‌موو گه‌لانی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام ئۆرشه‌لیم له‌ جێی خۆی به‌ سه‌لامه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌.
7
«یه‌زدان سه‌ره‌تا گه‌لی یه‌هودا ڕزگار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی شان و شكۆی بنه‌ماڵه‌ی داود و خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم له‌سه‌ر یه‌هودا گه‌وره‌تر نه‌بن.
8
له‌و ڕۆژه‌دا یه‌زدان دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ده‌پارێزێت، ئه‌وه‌ی لاوازه‌ له‌نێویان وه‌ك داودی لێدێت، ماڵی داودیش وه‌ك خودای لێدێت، وه‌ك فریشته‌ی یه‌زدان له‌پێشیان ده‌ڕوات.
9
له‌و ڕۆژه‌دا مكوڕ ده‌بم له‌سه‌ر له‌ناوبردنی هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئۆرشه‌لیم.
شیوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زامداریان كرد 
10
«ڕۆحی میهره‌بانی و پاڕانه‌وه‌ به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی داود و به‌سه‌ر دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمدا ده‌بارێنم. جا ته‌ماشای من ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ڕمیان لێداوه‌، هه‌روه‌ها شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن وه‌ك كه‌سێك شیوه‌ن بۆ تاقانه‌كه‌ی بگێڕێت، زۆر ده‌گریێن، هه‌روه‌ك گریان بۆ نۆبه‌ره‌یه‌ك.
11
له‌و ڕۆژه‌دا شیوه‌نێكی گه‌وره‌ له‌ ئۆرشه‌لیم ده‌بێت، وه‌ك شیوه‌نی هه‌ده‌د ڕیمۆن له‌ ده‌شتی مه‌گیدۆ.
12
خاكه‌كه‌ شیوه‌ن ده‌گێڕێت، خێڵ به‌ خێڵ هه‌ریه‌كه‌ و به‌ جیا: خێڵی بنه‌ماڵه‌ی داود و ژنه‌كانیان، خێڵی بنه‌ماڵه‌ی ناتان و ژنه‌كانیان،
13
خێڵی بنه‌ماڵه‌ی لێڤی و ژنه‌كانیان، خێڵی شیمعی و ژنه‌كانیان.
14
هه‌موو ئه‌و خێڵانه‌ی مابوونه‌وه‌ خێڵ به‌ خێڵ به‌ جیا و ژنه‌كانیشیان به‌ جیا.