عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاكبوونه‌وه‌ له‌ گوناه 
1
«له‌و ڕۆژه‌دا كانییه‌ك بۆ بنه‌ماڵه‌ی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ده‌كرێته‌وه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌یان له‌ گوناه و گڵاوی.»
2
یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت: «له‌و ڕۆژه‌دا، ناوی بته‌كان له‌ خاكه‌كه‌دا ڕیشه‌كێش ده‌كه‌م و ئیتر یادیان ناكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ره‌كان و ڕۆحی گڵاو[a] له‌ خاكه‌كه‌ ڕاده‌ماڵم.
3
وای لێدێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێشبینی بكات، ئه‌وا دایك و باوكی، كه‌ له‌وانه‌وه‌ بووه‌، پێی ده‌ڵێن: ”ده‌بێت بمریت، چونكه‌ به‌ درۆ به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ قسه‌ت كردووه‌.“ ئینجا كاتێك پێشبینی ده‌كات دایك و باوكی، كه‌ له‌وانه‌وه‌ بووه‌، به‌ خه‌نجه‌ر لێی ده‌ده‌ن.
4
«ئینجا له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك به‌ پێشبینی بینینه‌كه‌ی شه‌رمه‌زار ده‌بێت. جلی پێغه‌مبه‌ران كه‌ كه‌وای مووداره‌ له‌به‌ری ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن.
5
هه‌ریه‌كه‌ و ده‌ڵێت: ”من پێغه‌مبه‌ر نیم. من كابرایه‌كی جوتیارم، چونكه‌ هه‌ر له‌ منداڵیمه‌وه‌ خاك سه‌رچاوه‌ی بژێویم بووه‌.“
6
ئه‌گه‌ر كه‌سێك بپرسێت: ”ئه‌م برینانه‌ چین له‌ جه‌سته‌ت؟“ ئه‌ویش وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: ”ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان له‌ شوانه‌كه‌ 
7
«یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت:
ئه‌ی شمشێر، له‌ دژی شوانه‌كه‌م هه‌سته‌،
له‌ دژی ئه‌و پیاوه‌ی له‌گه‌ڵمه‌!
له‌ شوانه‌كه‌ بده‌،
مه‌ڕه‌كان په‌رت ده‌بن،
پاشان ده‌ستم له‌ بچووكه‌كان به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌.»
8
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئینجا له‌ هه‌موو زه‌وی،
دوو له‌سه‌ر سێیان لێیان ده‌درێت و ده‌مرن،
یه‌ك له‌سه‌ر سێ تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌.
9
ئه‌و یه‌ك له‌سه‌ر سێیه‌ش ده‌خه‌مه‌ ناو ئاگره‌وه‌،
وه‌ك زیو ده‌یانپاڵێوم،
وه‌ك زێڕ تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌.
ئه‌وان به‌ ناوی منه‌وه‌ نزا ده‌كه‌ن و
منیش وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه‌،
من ده‌ڵێم: ”ئه‌وان گه‌لی منن،“
ئه‌وانیش ده‌ڵێن: ”یه‌زدان خودای ئێمه‌یه‌.“»
  1. a. 13‏:2 ڕۆحی پیسی هانده‌ر بۆ ئه‌نجامدانی كاری گڵاو.