عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاسپارده‌ بۆ باوه‌ڕداران 
1
به‌ڵام تۆ ده‌بێت به‌ فێركردنی دروست خه‌ڵكی فێر بكه‌یت.
2
پیره‌مێرده‌كان فێر بكه‌ن كه‌ وریابن، به‌ڕێز، ژیر، دروست بن له‌ باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی و دانبه‌خۆداگرتن.
3
هه‌روه‌ها پیرێژنه‌كان فێر بكه‌ن كه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ بژین، بوختانكه‌ر نه‌بن و خوو به‌ شه‌رابه‌وه‌ نه‌گرن، به‌ڵام شتی چاك فێری خه‌ڵكی بكه‌ن،
4
تاكو ئامۆژگاری ژنه‌ گه‌نجه‌كان بكه‌ن كه‌ مێرد و منداڵیان خۆشبوێت،
5
ژیر، پاك، به‌ ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن، چاك بن، ملكه‌چی مێرده‌كانیان بن، نه‌وه‌ك كفر به‌ وشه‌ی خودا بكرێت.
6
به‌ هه‌مان شێوه‌، هانی پیاوه‌ گه‌نجه‌كان بده‌ ژیر بن.
7
له‌ هه‌موو شتێكدا ببه‌ به‌ نموونه‌یان بۆ چاكه‌كاری. له‌ فێركردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بده‌،
8
با قسه‌ت دروست بێت و ڕه‌خنه‌ی لێ نه‌گیرێت، تاكو ناحه‌ز شه‌رمه‌زار بێت چونكه‌ هیچی خراپ نادۆزێته‌وه‌ له‌ دژتان بیڵێت.
9
كۆیله‌كانیش له‌ هه‌موو شتێكدا ملكه‌چی گه‌وره‌كانیان بن، ڕازییان بكه‌ن، به‌رپه‌رچیان نه‌ده‌نه‌وه‌،
10
هیچیان لێ نه‌دزن، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستپاكی پیشان بده‌ن، تاكو له‌ هه‌موو شتێكدا فێركردنی خودای ڕزگاركه‌رمان بڕازێننه‌وه‌.
11
نیعمه‌تی خودا ده‌ركه‌وت و ڕزگاری پێشكه‌شی هه‌موو خه‌ڵك ده‌كات.
12
ئه‌وه‌ی فێرمان ده‌كات نكۆڵی له‌ خوانه‌ناسی و هه‌وه‌سه‌ دنیاییه‌كان بكه‌ین، به‌ ژیری و ڕاستودروستی و له‌خواترسی بژین له‌م دنیایه‌،
13
له‌ چاوه‌ڕوانی هیوای به‌ره‌كه‌تدار، ده‌ركه‌وتنی شكۆی خودای گه‌وره‌ و ڕزگاركه‌رمان، عیسای مه‌سیح،
14
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خۆی به‌ختكرد، تاكو له‌ هه‌موو سه‌رپێچییه‌ك بمانكڕێته‌وه‌ و گه‌لێكی تایبه‌ت بۆ خۆی پاك بكاته‌وه‌، دڵگه‌رم بۆ چاكه‌كاری.
15
به‌مانه‌ بدوێ، هانبده‌ و به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك سه‌رزه‌نشت بكه‌. كه‌س به‌ كه‌مت نه‌زانێت.