عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕزگاری به‌هۆی ڕۆحی پیرۆز 
1
یادی باوه‌ڕداران بخه‌ره‌وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانڕه‌وایان و ده‌سه‌ڵاتداران بن، گوێڕایه‌ڵ بن، بۆ هه‌موو كارێكی چاك ئاماده‌بن،
2
قسه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن، شه‌ڕفرۆش نه‌بن، خۆنه‌ویست بن، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵك دڵنه‌رمی پیشان بده‌ن.
3
پێشتر ئێمه‌ش گێل و یاخی و گومڕا بووین، كۆیله‌ی هه‌موو جۆره‌ هه‌وه‌س و چێژێك بووین، له‌ قین و ئیره‌ییدا ده‌ژیاین، ئێسكگران بووین، ڕقمان له‌ یه‌كتری بوو.
4
به‌ڵام، كاتێك میهره‌بانی خودای ڕزگاركه‌رمان و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت،
5
نه‌ك به‌هۆی كاری ڕاستودروست كه‌ ئێمه‌ كردوومانه‌، به‌ڵكو به‌ به‌زه‌یی خۆی ڕزگاری كردین، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و شوشتنه‌وه‌یه‌ بوو، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆحی پیرۆز له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی نوێ و ژیانێكی نوێی پێ به‌خشین،
6
ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌رمان به‌ دڵفراوانی به‌سه‌رمانیدا ڕشت،
7
تاكو، پاش ئه‌وه‌ی به‌ نیعمه‌تی ئه‌و بێتاوان كراین، به‌گوێره‌ی هیوای ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌بینه‌ میراتگر.
8
ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌. سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ ده‌مه‌وێ سووربیت، تاكو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا بایه‌خ به‌وه‌ بده‌ن كه‌ بۆ كرداری چاك خۆیان ته‌رخان بكه‌ن. ئه‌م شتانه‌ باش و سوودبه‌خشه‌ بۆ خه‌ڵك.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قسه‌ی پووچ 
9
به‌ڵام له‌ گفتوگۆی گێلانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ناكۆكی و شه‌ڕ له‌سه‌ر ته‌ورات دووربكه‌وه‌، چونكه‌ بێ سوود و پووچه‌.
10
ناكۆكیكار ئاگادار بكه‌وه‌، له‌دوای جارێك و دووان، لێی دووربكه‌وه‌.
11
ده‌زانیت وه‌ك ئه‌مه‌ لاده‌ره‌ و گوناه ده‌كات، خۆی حوكمی به‌سه‌ر خۆی داوه‌.
دوا ڕاسپارده‌ 
12
كاتێك ئه‌رتیماس یان تیخیكۆس ده‌نێرمه‌ لات، كۆشش بكه‌ له‌ نیكۆپۆلیس وه‌ره‌ لام، چونكه‌ به‌ته‌مام له‌ زستاندا له‌وێ بم.
13
هه‌وڵ بده‌ زیناسی پارێزه‌ر و ئه‌پۆلۆس بنێری، تاكو پێویستیان به‌ هیچ نه‌بێت.
14
پێویسته‌ خه‌ڵكه‌كه‌مان فێربن كه‌ خۆیان بۆ كرداری چاك و پێداویستییه‌ گرنگه‌كان ته‌رخان بكه‌ن، تاكو بێ به‌رهه‌م نه‌بن.
15
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمدان سڵاوت لێده‌كه‌ن. سڵاو له‌وانه‌ بكه‌ كه‌ له‌ باوه‌ڕدا ئێمه‌یان خۆشده‌وێت.
با نیعمه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.