عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دەستەخوشکەکان 
1
دڵدارەکەت چووە کوێ،
ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،
هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟
ئەویندار 
2
دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،
بۆ ناو باخچەی بۆندار،
هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و
سەوسەن کۆبکاتەوە.
3
من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
دڵدار 
4
یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی،
وەک ئۆرشەلیم شیرینی،
وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری.
5
چاوەکانت لەسەر من لابدە،
چونکە بەرگەی ناگرم.
قژت وەک ڕانە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
6
ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن
کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین.
7
گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە.
8
شەست شاژنن و
هەشتا کەنیزەن،
پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن،
9
بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە،
کچە تاقانەی دایکییەتی،
نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی.
کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست
شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد.
دەستەخوشکەکان 
10
ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان،
جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ،
وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟
ئەویندار 
11
بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم
بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ،
بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە،
هەناریش پشکوتووە؟
12
پێش ئەوەی بزانم،
گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام.
دەستەخوشکەکان 
13
ئەی شولەمیتی[a] ، بگەڕێوە، بگەڕێوە!
بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین!
بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن
وەک سەمای مەحەنەیم[b] ؟
  1. a. 6‏:13 ناوی ناوچەیە.‏
  2. b. 6‏:13 مەحەنەیم: ناوی شارێک بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون. بڕوانە پەیدابوون 32‏:2‏‏.‏