عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دڵدار
 - 1
 - هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ،
موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە،
شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد،
شەراب و شیری خۆمم خواردەوە.
ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛
یاران، بە ئەوین مەست بن. - ئەویندار
 - 2
 - من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە!
دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات:
«دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم،
ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم،
سەرم پڕ ئاونگ بووە،
ئەگریجەم پڕ شەونم.» - 3
 - جلەکانم داکەندووە،
ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟
پێیەکانم شوشتووە،
ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟ - 4
 - دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد،
هەناوم بۆی ڕاچەنی. - 5
 - هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە،
دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا،
پەنجەکانم موڕی شل
لەسەر دەسکی سورگییەکە. - 6
 - دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە،
بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو.
گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو،
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە. - 7
 - تووشی ئێشکگرەکان بووم
کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە.
لێیان دام و برینداریان کردم،
چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم،
ئێشکگری شووراکان - 8
 - ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون،
ئەمەی پێ بڵێن،
من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. - دەستەخوشکەکان
 - 9
 - دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
کە ئاوا سوێندت داین؟ - ئەویندار
 - 10
 - دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە،
لەناو دە هەزار کەسدا دیارە. - 11
 - سەری زێڕی بێگەردە،
زولفی بەرداوەتەوە،
ڕەشە وەک قەلەڕەش. - 12
 - چاوەکانی وەک کۆترن
چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک،
کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر،
لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون. - 13
 - گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن،
بۆنیان خۆشە.
لێوەکانی سەوسەنن،
موڕی شلیان لێ دەتکێت. - 14
 - دەستەکانی لوولەی زێڕن،
بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە،
لەشی عاجی تاشراوە
بە بەردی یاقووتی شین[a] پێچراوەتەوە. - 15
 - قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن،
لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون.
ڕوخساری وەک لوبنانە،
هەڵبژاردە وەک ئورز. - 16
 - دەمی شیرینە،
سەراپای خۆشەویستە.
ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە،
ئەی کچانی ئۆرشەلیم! 
- a. 5:14 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.
 

