عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئازادبوون له‌ گوناه 
1
باشه‌ چی بڵێین؟ ئایا له‌ گوناه به‌رده‌وام بین تاكو نیعمه‌ت زیاد بێت؟
2
نه‌خێر! ئێمه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟
3
ئایا نازانن ئێمه‌ هه‌موومان كه‌ به‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشان له‌گه‌ڵ عیسای مه‌سیح یه‌كمانگرتووه‌، هه‌روه‌ها له‌ مردنه‌كه‌شیدا یه‌كمانگرتووه‌؟
4
بۆیه‌ به‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشان له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ مردن نێژراین، تاكو چۆن مه‌سیح له‌نێو مردووان به‌ شكۆی باوكه‌وه‌ هه‌ستایه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ نوێیه‌تی ژیاندا بژین.
5
ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مردنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا یه‌كمانگرتبێت، له‌ هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی ئاوا ده‌بین.
6
ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ مرۆڤه‌ كۆنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌ خاچ درا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی كه‌ له‌ژێر ڕكێفی گوناه بوو بتوانرێت به‌لاوه‌ بنرێت، هه‌تا چیتر كۆیله‌ی گوناه نه‌بین.
7
ئه‌وه‌ی مرد له‌ گوناه ئازاد كراوه‌.
8
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا مردووین، باوه‌ڕمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویش ده‌ژین،
9
ده‌زانین مه‌سیح كه‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنرایه‌وه‌، نامرێته‌وه‌. ئیتر مردن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا نییه‌.
10
ئه‌و مردنه‌ی مرد، ته‌نها جارێك له‌به‌ر گوناه مرد. به‌ڵام ئه‌و ژیانه‌ی ده‌ژیێت بۆ خودا ده‌ژیێت.
11
ئێوه‌ش سه‌باره‌ت به‌ گوناه خۆتان به‌ مردوو دابنێن، به‌ڵام بۆ خودا زیندوو له‌ یه‌كبوونتان له‌گه‌ڵ عیسای مه‌سیحدا.
12
كه‌واته‌ مه‌هێڵن گوناه حوكمڕانی له‌شی له‌ناوچووتان بكات، تاكو گوێڕایه‌ڵی ئاره‌زووه‌كانی بن.
13
ئه‌ندامانتان وه‌ك ئامێری ناڕه‌وایی بۆ گوناه پێشكه‌ش مه‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆتان پێشكه‌شی خودا بكه‌ن، وه‌ك زیندووی نێو مردووان و ئه‌ندامانتان وه‌ك ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.
14
چیتر گوناه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌رتاندا نابێت، چونكه‌ له‌ژێر سایه‌ی ته‌وراتدا نین، به‌ڵكو له‌ژێر سایه‌ی نیعمه‌تدان.
كۆیله‌كانی چاكه‌ 
15
كه‌واته‌ چی؟ ئایا گوناه بكه‌ین چونكه‌ له‌ژێر سایه‌ی ته‌وراتدا نین به‌ڵكو له‌ژێر سایه‌ی نیعمه‌تداین؟ نه‌خێر!
16
ئایا نازانن كاتێك خۆتان وه‌ك كۆیله‌ ملكه‌چی كه‌سێك ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ كۆیله‌ی ئه‌وه‌ی ملكه‌چن بۆی، جا بۆ گوناه كه‌ به‌ره‌و مردنه‌ یان بۆ گوێڕایه‌ڵی كه‌ به‌ره‌و ڕاستودروستییه‌؟
17
به‌ڵام سوپاس بۆ خودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ی گوناه بوون، له‌ دڵه‌وه‌ ملكه‌چی ئه‌و شێوه‌ فێركردنه‌ بوون كه‌ پێتان سپێردرا.
18
ئێوه‌ له‌ گوناه ئازاد كران و بوونه‌ به‌نده‌ی ڕاستودروستی.
19
له‌به‌ر لاوازی جه‌سته‌تان وه‌ك مرۆڤێكی ساده‌ ده‌دوێم. ئیتر چۆن له‌پێشدا ئه‌ندامانی له‌شتان وه‌ك كۆیله‌ی گڵاوی و خراپه‌ بۆ خراپه‌ پێشكه‌ش كرد، ئێستاش ئه‌ندامانتان وه‌ك به‌نده‌ی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشكه‌ش بكه‌ن،
20
چونكه‌ كاتێك كۆیله‌ی گوناه بوون، سه‌باره‌ت به‌ ڕاستودروستی ئازاد بوون.
21
ئه‌و كاته‌ چ به‌رهه‌مێكتان هه‌بوو له‌و شتانه‌ی ئێستا له‌ به‌رامبه‌ریان هه‌ست به‌ ته‌ریق بوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟ چونكه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شتانه‌ مردنه‌.
22
به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌ گوناه ئازاد كراون و بوونه‌ به‌نده‌ی خودا، به‌رهه‌متان بۆ پیرۆزی هه‌یه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌،
23
چونكه‌ كرێی گوناه مردنه‌، به‌ڵام دیاری خودا ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانه‌وه‌یه‌.