عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دڵسۆزیی خودا
- 1
- کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟
- 2
- زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
- 3
- کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟
- 4
- نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
 ﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
 سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾[a]
- 5
- بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.)
- 6
- نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟
- 7
- لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟»
- 8
- ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە!
- هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە
- 9
- کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن،
- 10
- وەک نووسراوە:
 ﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
- 11
- کەس نییە تێبگات،
 کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
- 12
- هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
 تێکڕا بێ سوود بوون.
 کەس نییە چاکە بکات،
 تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾[b]
- 13
- ﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
 بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾[c]
 ﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾[d]
- 14
- ﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾[e]
- 15
- ﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
- 16
- وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
- 17
- ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾[f]
- 18
- ﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾[g] 
- 19
- ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا.
- 20
- بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[h]  دەناسرێت.
- بێتاوانکردن بە باوەڕ
- 21
- بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن.
- 22
- ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی،
- 23
- لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و
- 24
- بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی[i] کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.
- 25
- خودا مەسیحی وەک کەفارەت[j] پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا،
- 26
- هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
- 27
- بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ.
- 28
- کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت.
- 29
- ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە،
- 30
- چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنەنەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات.
- 31
- ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت[k]  دەچەسپێنین.
- a. 3:4 زەبوورەکان 51:4.
- b. 3:12 زەبوورەکان 14:1-3 و زەبوورەکان 53:1-3.
- c. 3:13 زەبوورەکان 5:9.
- d. 3:13 زەبوورەکان 140:3.
- e. 3:14 زەبوورەکان 10:7.
- f. 3:17 ئیشایا 59:7-8.
- g. 3:18 زەبوورەکان 36:1.
- h. 3:20 مەبەست لە شەریعەتی موسایە کە تەوراتە.
- i. 3:24 کڕینەوەی مرۆڤ لە کۆیلایەتی گوناه بە خوێنی عیسا.
- j. 3:25 ئەو قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.
- k. 3:31 شەریعەتی موسا.

