عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- 1
- ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.
- 2
- شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.
- 3
- لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان[a] لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.
- 4
- بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
- ڕزگاری بۆ هەمووان
- 5
- موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: {ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.}[b]
- 6
- بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: {لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»}[c] بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،
- 7
- {یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»}[d] بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.
- 8
- بەڵام چی دەفەرموێ؟ {پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،}[e] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:
- 9
- ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.
- 10
- لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.
- 11
- هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: {هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.}[f]
- 12
- جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
- 13
- چونکە {هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.}[g]
- 14
- ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟
- 15
- هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: {چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!}[h]
- 16
- بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: {ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟}[i]
- 17
- کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.
- 18
- بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو!
{پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.}[j] - 19
- بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:
{من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.}[k] - 20
- بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:
{دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،
دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.}[l] - 21
- بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:
{بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.}[m]
- a. 10:3 یۆنانی: ڕاستودروستی.
- b. 10:5 لێڤییەکان 18:5.
- c. 10:6 دواوتار 30:12.
- d. 10:7 دواوتار 30:13.
- e. 10:8 دواوتار 30:14.
- f. 10:11 ئیشایا 28:16.
- g. 10:13 یۆئێل 2:32.
- h. 10:15 ئیشایا 52:7.
- i. 10:16 ئیشایا 53:1.
- j. 10:18 زەبوورەکان 19:4.
- k. 10:19 دواوتار 32:21.
- l. 10:20 ئیشایا 65:1.
- m. 10:21 ئیشایا 65:2.