عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێ
- 1
- پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما.
- 2
- شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت.
- 3
- گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان.
- 4
- ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
- 5
- دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» پاشان فەرمووی: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.»
- 6
- پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم[a] ، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو.
- 7
- ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.
- 8
- بەڵام ترسنۆک و بێباوەڕ و قێزەونان، هەروەها بکوژ و داوێنپیس و جادووگەر و بتپەرستان، لەگەڵ هەموو درۆزنان، بەشیان لە دەریاچەی بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە کە مردنی دووەمە.»
- ئۆرشەلیمی نوێ
- 9
- یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکرابوون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان بدەم، ژنی بەرخەکە.»
- 10
- بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی گەورە و بەرز، ئۆرشەلیمی شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە.
- 11
- شکۆی خودای هەبوو، درەوشانەوەی وەک گرانبەهاترین بەرد، وەک یەشب، ڕوون وەک کریستاڵ.
- 12
- شوورایەکی گەورە و بەرز و دوازدە دەرگای هەبوو، لەسەر دەرگاکان دوازدە فریشتە هەبوون، ناوی دوازدە هۆزەکەی کوڕانی ئیسرائیل لەسەر دەرگاکان نووسرابوون.
- 13
- لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەرگا هەبوون، لە باکوورەوە سێ دەرگا، لە باشوورەوە سێ دەرگا، لە ڕۆژئاواوە سێ دەرگا.
- 14
- شوورای شارەکە دوازدە بناغەی هەبوو، دوازدە ناو لە سەریان هەبوو، ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکە.
- 15
- ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت.
- 16
- شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا[b] بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون.
- 17
- شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ[c] بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا.
- 18
- بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف.
- 19
- بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود،
- 20
- پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت.
- 21
- دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.
- 22
- پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بەتوانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون.
- 23
- شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی.
- 24
- نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن.
- 25
- دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت.
- 26
- شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن.
- 27
- هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.
- a. 21:6 لە یۆنانی نووسراوە \+tl ئەلفا\+tl* و \+tl ئۆمێگا\+tl* یەکەم و دوایین پیتی ڕێنووسی یۆنانییە، مەبەستی لە سەرەتا و کۆتاییە.
- b. 21:16 دوازدە هەزار ستادیا: نزیکەی دوو هەزار و دوو سەد کیلۆمەترە.
- c. 21:17 نزیکەی 65 مەتر.