عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بابل دایكی داوێنپیسانه‌ 
1
ئینجا یه‌كێك له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێبوو پێی گوتم: «وه‌ره‌ با سزای له‌شفرۆشه‌ گه‌وره‌كه‌ت پیشان بده‌م كه‌ له‌سه‌ر ئاوه‌ زۆره‌كان دانیشتووه‌.
2
ئه‌وه‌ی پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ كردووه‌ و دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی به‌ شه‌رابی داوێنپیسییه‌كه‌ی سه‌رخۆش بوون.»
3
پاشان فریشته‌كه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز بردمییه‌ چۆڵه‌وانی، بینیم ژنێك له‌سه‌ر دڕنده‌یه‌كی قرمزی دانیشتووه‌ كه‌ به‌ ناوی كفر داپۆشرابوو، دڕنده‌كه‌ حه‌وت سه‌ر و ده‌ شاخی هه‌بوو.
4
ژنه‌كه‌ ئه‌رخه‌وانی و قرمزی پۆشرا بوو، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابووه‌وه‌، جامێكی زێڕینی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، پڕ له‌ قێز و گڵاوی داوێنپیسییه‌كه‌ی.
5
له‌سه‌ر ناوچه‌وانیشی ناوێكی نهێنی نووسرابوو:
«بابلی گه‌وره‌،
دایكی له‌شفرۆشان و
قێزه‌ونانی زه‌وی.»
6
هه‌روه‌ها بینیم كه‌ ژنه‌كه‌ به‌ خوێنی گه‌لی پیرۆزی خودا و خوێنی شه‌هیدانی عیسا سه‌رخۆش ببوو. به‌ بینینی زۆر سه‌رسام بووم.
7
فریشته‌كه‌ پێی گوتم: «بۆ سه‌رسام بوویت؟ نهێنی ژنه‌كه‌ و ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌ڵیگرتووه‌ پێت ده‌ڵێم كه‌ حه‌وت سه‌ر و ده‌ شاخی هه‌یه‌.
8
ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیت هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌، خه‌ریكه‌ له‌ بیری بێ بن ده‌رده‌چێت و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ناویان له‌ په‌ڕتووكی ژیاندا نه‌نووسراوه‌، كاتێك دڕنده‌كه‌ ده‌بینن سه‌رسام ده‌بن، چونكه‌ دڕنده‌كه‌ پێشتر هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوودا دێته‌وه‌.
9
«ئه‌مه‌ بانگه‌وازه‌ بۆ مێشكی دانا: حه‌وت سه‌ره‌كه‌ حه‌وت گردن[a] كه‌ ژنه‌كه‌ له‌سه‌ریان دانیشتووه‌،
10
حه‌وت پاشاكه‌ش، پێنجیان كه‌وتن و یه‌كێكیان هه‌یه‌ و ئه‌وی دیكه‌ هێشتا نه‌هاتووه‌، كاتێكیش دێت پێویسته‌ كه‌مێك بمێنێته‌وه‌.
11
ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ هه‌شته‌مینه‌، به‌ڵام له‌ حه‌وته‌كه‌یه‌ و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات.
12
ئه‌و ده‌ شاخه‌ی بینیت ده‌ پاشان، هێشتا شانشینیان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر له‌گه‌ڵ دڕنده‌كه‌ وه‌كو پاشا ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن.
13
ئه‌وانه‌ یه‌ك مه‌به‌ستیان هه‌یه‌، هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌ده‌نه‌ دڕنده‌كه‌.
14
ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رخه‌كه‌ ده‌جه‌نگن و به‌رخه‌كه‌ ده‌یانبه‌زێنێت، چونكه‌ گه‌وره‌ی گه‌ورانه‌ و پاشای پاشایانه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان بانگكراو و هه‌ڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
15
ئینجا پێی گوتم: «ئه‌و ئاوانه‌ی بینیت، كه‌ له‌شفرۆشه‌كه‌ له‌وێ دانیشتووه‌، گه‌ل و خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌ و زمانن.
16
ده‌ شاخه‌كه‌ و دڕنده‌كه‌ی كه‌ بینیت، ڕق له‌ له‌شفرۆشه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن، وێران و ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه‌، گۆشته‌كه‌ی ده‌خۆن و به‌ ئاگر ده‌یسووتێنن،
17
چونكه‌ خودا خستوویه‌تییه‌ دڵیان به‌ مه‌به‌ستی بكه‌ن و ڕێك بكه‌ون، ده‌سه‌ڵاتیان بده‌نه‌ دڕنده‌كه‌، هه‌تا وشه‌كانی خودا بێته‌ دی.
18
ئه‌و ژنه‌ی بینیشت ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پاشاكانی زه‌ویدا هه‌یه‌.»
  1. a. 17‏:9 مه‌به‌ست له‌ شاری ڕۆمایه‌ كه‌ له‌سه‌ر حه‌وت گرد بنیاد نراوه‌.