عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فریشته‌ و تۆماره‌ بچووكه‌كه‌ 
1
پاشان فریشته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ هه‌ور خۆی پۆشیبوو، په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌سه‌ر سه‌ری بوو، ڕووی وه‌ك خۆر وابوو، پێیه‌كانی وه‌ك ستوونی ئاگر وابوون.
2
تۆمارێكی بچووكی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. پێی ڕاستی له‌سه‌ر ده‌ریا و چه‌پی له‌سه‌ر وشكانی دانا.
3
به‌ ده‌نگێكی به‌رز وه‌ك نه‌ڕه‌ی شێر نه‌ڕاندی. كاتێك نه‌ڕاندی، حه‌وت هه‌وره‌گرمه‌كه‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان هاتنه‌ دوان.
4
كاتێك حه‌وت هه‌وره‌گرمه‌كه‌ هاتنه‌ دوان، به‌ته‌مابووم بنووسم، به‌ڵام ده‌نگێكم له‌ ئاسمانه‌وه‌ گوێ لێبوو ده‌یفه‌رموو: «ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌وره‌گرمه‌كه‌ گوتیان مۆری بكه‌ و مه‌یاننووسه‌.»
5
ئه‌و فریشته‌یه‌ی بینیم له‌سه‌ر ده‌ریا و وشكانی ڕاوه‌ستابوو ده‌ستی ڕاستی بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و
6
سوێندی به‌ خودای زیندووی هه‌تاهه‌تایی خوارد، ئه‌وه‌ی ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تێیاندایه‌ به‌دییهێناون، گوتی: «چیتر كاته‌كه‌ دواناخرێت!
7
به‌ڵكو له‌ ڕۆژانی پێش لێدانی كه‌ڕه‌نا له‌لایه‌ن فریشته‌ی حه‌وته‌مه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی كه‌ڕه‌ناكه‌ بێت، نهێنی خودا دێته‌ دی، وه‌ك چۆن خوداش مژده‌ی به‌ به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی دا.»
8
ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ گوێم لێبوو دیسان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و فه‌رمووی: «بڕۆ تۆماره‌ كراوه‌كه‌ له‌ فریشته‌ ڕاوه‌ستاوه‌كه‌ی سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر وشكانی وه‌ربگره‌.»
9
چوومه‌ لای فریشته‌كه‌ و پێم گوت تۆماره‌ بچووكه‌كه‌م بداتێ، پێی گوتم: «بیبه‌ و بیخۆ. گه‌ده‌ت تاڵ ده‌كات، به‌ڵام له‌ ده‌متدا وه‌ك هه‌نگوین شیرین ده‌بێت.»
10
ئه‌وه‌ بوو تۆماره‌ بچووكه‌كه‌م له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ وه‌رگرت و خواردم، له‌ ده‌ممدا وه‌ك هه‌نگوین شیرین بوو، به‌ڵام كه‌ خواردم گه‌ده‌ی تاڵ كردم.
11
پاشان پێم گوترا: «ده‌بێت دووباره‌ پێشبینی له‌سه‌ر خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌ و زمان و پاشای زۆر بكه‌یت.»