عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زەبوورێکی ئاساف.
- 1
- بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،
 بۆ دڵپاکەکان.
- 2
- بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و
 زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
- 3
- چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،
 کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
- 4
- ترسیان لە مردن نییە،
 جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
- 5
- لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،
 وەک خەڵکی تێناکەون.
- 6
- بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و
 بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
- 7
- خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،
 لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
- 8
- گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،
 بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
- 9
- ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،
 زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
- 10
- بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و
 باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن[a] .
- 11
- دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟
 ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
- 12
- ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،
 هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
- 13
- بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،
 دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
- 14
- بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،
 هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
- 15
- ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،
 ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
- 16
- کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،
 بە ئەرکێکی سەختم بینی،
- 17
- هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،
 ئەوسا لە چارەنووسیان تێگەیشتم.
- 18
- بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،
 تووشی وێرانیت کردوون.
- 19
- چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،
 لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
- 20
- ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،
 لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
- 21
- کاتێک دڵم تەنگ بوو،
 وەک شمشێر هەناومی بڕی،
- 22
- گێل و نەزان بووم،
 لەلای تۆ وەک ئاژەڵم لێهات.
- 23
- لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لەلای تۆم،
 دەستی ڕاستی منت گرت.
- 24
- بە ئامۆژگاریت ڕێنماییم دەکەیت،
 پاشان بۆ شکۆمەندیم دەبەیت.
- 25
- بێجگە لە تۆ لە ئاسمان کێم هەیە؟
 ئەگەر لەگەڵ تۆ بم، لەسەر زەویش هیچ نییە ئارەزووی بکەم.
- 26
- جەسته و دڵم کۆتاییان پێدێت،
 بەڵام هەتاهەتایە هێزی دڵ و بەشی من خودایە.
- 27
- ئەوەتا ئەوانەی لە تۆ دوورن وێڵ دەبن،
 ئەوانەی ناپاکیت لەگەڵ بکەن دوایان دەبڕیتەوە.
- 28
- بەڵام نزیکبوونەوە لە خودا بۆ من باشە،
 یەزدانی باڵادەستم کرد بە پەناگام،
 هەتا باسی هەموو کردەوەکانت بکەم.
- a. 73:10 عیبری: ئاو بە زۆری دەخۆنەوە.

