عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سلێمان.
- 1
- ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
 ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
- 2
- با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
 بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
- 3
- با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
 گردەکان ڕاستودروستی.
- 4
- با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
 کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
 زۆرداران وردوخاش بکات.
- 5
- با وەک خۆر بمێنێت،
 وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
- 6
- وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
 وەک هەور زەوی ئاو بدات،
- 7
- ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
 ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
- 8
- لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
 لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
- 9
- بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
 ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
- 10
- پاشاکانی تەرشیش[a]  و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
 پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
- 11
- هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
 هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
- 12
- لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات،
 چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.
- 13
- بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
 گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
- 14
- گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
 خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
- 15
- تەمەن درێژ بێت!
 با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
 با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
 با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
- 16
- با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
 لەسەر لووتکەی گردەکان،
 بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
 با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
- 17
- با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
 هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.
 هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
 هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
- 18
- ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
 بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
- 19
- هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
 با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
 ئامین و ئامین.
- 20
- لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
- a. 72:10 تەرشیش: دوایین سنووری ڕۆژئاوای جیهان بووە کە ئەو سەردەمە مرۆڤ پێی زانیبێت.
- b. 72:10 ناوی هۆز و شوێنە، دەکەونە یەمەن و هەندێکیان کۆچیان کردووە بۆ ئەسیوپیا. خەڵکەکەی بە بازرگانی بەناوبانگ بوون.

