عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌ی یه‌زدان، من په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر تۆ،
با هه‌رگیز شه‌رمه‌زار نه‌بم،
2
به‌ ڕاستودروستی خۆت فریام بكه‌وه‌ و ده‌ربازم بكه‌.
گوێم بۆ ڕاگره‌ و ڕزگارم بكه‌.
3
بۆم ببه‌ به‌ تاشه‌به‌ردی په‌نا،
هه‌میشه‌ په‌نای بۆ ببه‌م.
فه‌رمانی ڕزگاریی من بده‌،
چونكه‌ تۆ تاشه‌به‌ردی منیت، تۆ قه‌ڵای منیت.
4
ئه‌ی خودای من، له‌ ده‌ستی به‌دكاران،
له‌ چه‌پۆكی خراپه‌كاران و زۆرداران ده‌ربازم بكه‌.
5
ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ستم، چونكه‌ تۆ هیوای منیت،
له‌ گه‌نجییه‌وه‌ پشتوپه‌نای منیت.
6
له‌ سكی دایكمه‌وه‌ پشتم به‌ تۆ به‌ستووه‌،
تۆ بووی له‌ هه‌ناوی دایكمه‌وه‌ ده‌رتهێنام،
ستایشم هه‌میشه‌ بۆ تۆیه‌.
7
بووم به‌ په‌ند له‌لای زۆر كه‌س،
به‌ڵام تۆ په‌ناگای به‌هێزی منیت.
8
ده‌مم پڕه‌ له‌ ستایشی تۆ،
له‌ شكۆداركردنت به‌ درێژایی ڕۆژ.
9
له‌ كاتی پیری فڕێممه‌ده‌،
كه‌ هێزم له‌به‌ر نه‌ما وازم لێمه‌هێنه‌.
10
چونكه‌ دوژمنه‌كانم قسه‌م له‌سه‌ر ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی كوشتنم ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ ته‌گبیر ده‌كه‌ن.
11
ده‌ڵێن: «خودا وازی لێ هێناوه‌،
ڕاوی بنێن و بیگرن،
چونكه‌ ده‌ربازكه‌ری نییه‌.»
12
خودایه‌، لێم دوور مه‌كه‌وه‌،
ئه‌ی خودای من، زوو بگه‌ فریام.
13
با شه‌رمه‌زار بن و له‌ناوبچن، ئه‌وانه‌ی سكاڵام لێ ده‌كه‌ن،
با به‌ ڕیسوایی و سووكایه‌تی بپۆشرێن،
ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت.
14
به‌ڵام من هه‌میشه‌ هیوادارم،
هه‌تا دێت زیاتر ستایشت ده‌كه‌م.
15
ده‌مم باسی ڕاستودروستیت ده‌كات،
به‌ درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت ده‌كات،
هه‌رچه‌نده‌ پێوانه‌كه‌ی نازانم.
16
دان به‌ پاڵه‌وانیێتی یه‌زدانی باڵاده‌ستم ده‌نێم،
ته‌نها ڕاستودروستی تۆ ده‌هێنمه‌وه‌ یاد.
17
خودایه‌، له‌ سه‌رده‌می گه‌نجییه‌وه‌ فێرت كردووم،
هه‌تا ئێستا كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ڕاده‌گه‌یه‌نم.
18
خودایه‌، ته‌نانه‌ت له‌ پیری و ڕیش سپیێتیشم،
وازم لێ مه‌هێنه‌،
هه‌تا توانات بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو ڕابگه‌یه‌نم،
هێزت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دێن.
19
خودایه‌، ڕاستودروستیت هه‌تا به‌رزاییه‌،
ئه‌وه‌ی تۆ كردت زۆر مه‌زنه‌.
ئه‌ی خودایه‌، كێ وه‌ك تۆیه‌؟
20
تۆ بووی ته‌نگانه‌ی زۆر و تاڵت پیشاندام،
ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و زیندووم ده‌كه‌یته‌وه‌،
له‌ ناخی زه‌وییه‌وه‌ دووباره‌ به‌رزم ده‌كه‌یته‌وه‌.
21
مه‌زنێتیم زیاتر ده‌كه‌یت،
ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت.
22
ئه‌ی خودای من،
منیش به‌ ساز ستایشی دڵسۆزیت ده‌كه‌م،
ئه‌ی پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل،
به‌ قیساره‌وه‌ مۆسیقات بۆ ده‌ژه‌نم.
23
لێوه‌كانم هه‌لهه‌له‌ لێده‌ده‌ن،
كه‌ گۆرانیت بۆ ده‌ڵێم،
هه‌روه‌ها گیانم، ئه‌وه‌ی كه‌ كڕیته‌وه‌.
24
زمانیشم به‌ درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت ده‌كات،
چونكه‌ شه‌رمه‌زار و سووك بوون،
ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت.