عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، بۆ داود، زه‌بوورێك، گۆرانییه‌ك. 
1
با خودا هه‌ستێت، با دوژمنانی په‌رشوبڵاو ببنه‌وه‌!
با ناحه‌زانی له‌ ڕووی هه‌ڵبێن!
2
وه‌ك به‌باكردنی دووكه‌ڵ به‌بایان بكه‌یت،
وه‌ك توانه‌وه‌ی مۆم له‌به‌رده‌م ئاگر،
با به‌دكارانیش له‌به‌رده‌م خودا له‌ناوبچن.
3
به‌ڵام با ڕاستودروستان له‌به‌رده‌م خودا شاد و دڵخۆش بن،
له‌ خۆشییان شاگه‌شكه‌ بن.
4
گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژه‌نن،
ئه‌وه‌ی سواری گالیسكه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌كان به‌رزی بكه‌نه‌وه‌،
ناوی یه‌زدانه‌،
له‌به‌رده‌می دڵشاد بن.
5
باوكی هه‌تیوان و پارێزه‌ری بێوه‌ژنان،
خودایه‌ له‌ چادری په‌رستنی پیرۆزی خۆی.
6
خودا ماڵ بۆ لانه‌وازان دابین ده‌كات،
به‌ندكراوه‌كان ئازاد ده‌كات،
به‌ڵام یاخییه‌كان له‌ خاكێكی سووتاو نیشته‌جێ ده‌بن.
7
ئه‌ی خودایه‌، كاتێك تۆ پێشڕه‌ویی گه‌له‌كه‌تت كرد،
كاتێك به‌ چۆڵه‌وانیدا ڕۆیشتیت، [a]
8
زه‌وی له‌رزی و ئاسمان دڵۆپه‌ی كرد
له‌به‌رده‌م خودا، خودای سینا،
له‌به‌رده‌م خودا، خودای ئیسرائیل.
9
ئه‌ی خودایه‌، بارانێكی چاكت باراند،
میراته‌كه‌ت ماندوو بوو، تۆ به‌هێزت كرد.
10
كۆمه‌ڵه‌كه‌ت تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن،
خودایه‌، به‌ چاكه‌ی خۆت، بۆ هه‌ژارانت دابین كرد.
11
په‌روه‌ردگار فه‌رمانی دا[b] و
كۆمه‌ڵی ژنانی مزگێنیده‌ر زۆرن:
12
«پاشایان و له‌شكره‌كانیان به‌ خێرایی هه‌ڵدێن!
ژنه‌كان كه‌ له‌ ماڵ ماونه‌ته‌وه‌ تاڵان دابه‌ش ده‌كه‌ن،
13
ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ناو ته‌ویله‌شن،
باڵی كۆتری له‌ زیو هه‌ڵكێشراو و
په‌ڕه‌مووچه‌ی زێڕی بێگه‌ردیان به‌رده‌كه‌وێ.»
14
كه‌ خودای هه‌ره‌ به‌ توانا پاشاكانی په‌رته‌وازه‌ كرد،
وه‌ك بارینی به‌فر بوو له‌سه‌ر كێوی چه‌لمۆن[c] .
15
چیای باشان چیای خودایه‌،
چیای باشان چیای فره‌ لووتكه‌یه‌.
16
ئه‌ی چیا فره‌ لووتكه‌كان، بۆچی چاو ده‌بڕنه‌ ئه‌و چیایه‌،
كه‌ خودا ئاره‌زووی ده‌كات تێیدا نیشته‌جێ بێت،
به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی یه‌زدان هه‌تاهه‌تایه‌ تێیدا نیشته‌جێیه‌؟
17
گالیسكه‌كانی خودا هه‌زاران هه‌زارانه‌،
په‌روه‌ردگار له‌ سیناوه‌ هاته‌ پیرۆزگا.
18
ئه‌ی یه‌زدان، كاتێك به‌رزبوویته‌وه‌ بۆ به‌رزایی،
دیلێكی زۆرت له‌گه‌ڵ خۆت برد،
دیاریت له‌ خه‌ڵك وه‌رگرت،
ته‌نانه‌ت له‌ یاخییه‌كانیش،
ئه‌ی خودایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تۆ له‌وێ نیشته‌جێ بیت.
19
ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، بۆ خودای ڕزگاریمان،
ڕۆژ به‌ ڕۆژ بارمان هه‌ڵده‌گرێت.
20
خودا بۆ ئێمه‌ خودای ڕزگارییه‌،
له‌ مردن ده‌ربازبوونیش له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاره‌وه‌یه‌.
21
بێگومان خودا سه‌ری ناحه‌زانی پان ده‌كاته‌وه‌،
ته‌وقی سه‌ری ئه‌وانه‌ی به‌ ڕێگای گوناهدا ده‌ڕۆن.
22
په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «له‌ باشانه‌وه‌ دوژمنانت ده‌هێنمه‌وه‌،
له‌ قووڵایی ده‌ریاكانه‌وه‌ ده‌یانهێنمه‌وه‌،
23
بۆ ئه‌وه‌ی پێت به‌ خوێنیان سوور بێت،
زمانی سه‌گه‌كانت به‌شیان هه‌بێت لێیان.»
24
ئه‌ی خودایه‌، كه‌ژاوه‌ی تۆیان بینی،
كه‌ژاوه‌ی خودا و پاشای من به‌ره‌و پیرۆزگا.
25
گۆرانیبێژه‌كان له‌پێشه‌وه‌ن و سازلێده‌ره‌كان له‌ دواوه‌،
كچۆڵه‌ ده‌ف لێده‌ره‌كان له‌ناوه‌ڕاستیان.
26
له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵی گه‌وره‌دا ستایشی خودا بكه‌ن،
ئه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئیسرائیل، ستایشی یه‌زدان بكه‌ن.
27
ئه‌وه‌تا هۆزی بنیامینی بچكۆڵه‌ پێشه‌وایانه‌،
كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی یه‌هودا،
سه‌ركرده‌كانی زه‌بولون و نه‌فتالی.
28
ئه‌ی خودایه‌، تواناكه‌تمان بۆ ده‌ربخه‌،
ئه‌ی خودایه‌، پاڵپشتیت ده‌ربخه‌، هه‌روه‌ك بۆ ئێمه‌ت كرد.
29
له‌ په‌رستگاكه‌ته‌وه‌، له‌ ئۆرشه‌لیم،
پاشاكان دیاریت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
30
سه‌رزه‌نشتی گیانداری ناو قامیشه‌ڵان بكه‌،
ڕه‌وه‌ گا و گوێره‌كه‌ی گه‌لان،[d]
تاكو به‌ ملكه‌چییه‌وه‌ پارچه‌ زیو پێشكه‌ش بكات.
ئه‌و گه‌لانه‌ی حه‌زیان له‌ شه‌ڕه‌، په‌رتیان بكه‌.
31
باڵوێز له‌ میسره‌وه‌ دێن،
كوش[e] ده‌ستی خۆی بۆ خودا درێژ ده‌كات.
32
ئه‌ی شانشینه‌كانی زه‌وی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
مۆسیقا بۆ په‌روه‌ردگار بژه‌نن،
33
بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
ئه‌وه‌تا ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی به‌هێزه‌وه‌.
34
با هێزی خودا ڕابگه‌یه‌نرێت،
ئه‌وه‌ی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئیسرائیله‌وه‌یه‌،
ئه‌وه‌ی هێزی له‌ناو هه‌وره‌كانه‌.
35
خودایه‌، له‌ پیرۆزگاكه‌ت سامدارتریت،
خودای ئیسرائیل هێز و توانا ده‌دات به‌ گه‌له‌كه‌ی.
ستایش بۆ خودا!
  1. a. 68‏:7 له‌ ده‌قی عیبری لێره‌ و له‌ ئایه‌ته‌كانی 19 و 32، وشه‌ی \+tl سه‌لاه‌\+tl* هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی مۆسیقا و خوێندنه‌وه‌.
  2. b. 68‏:11 به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی جه‌نگ خودا فه‌رمانی سه‌ركه‌وتنی دا.
  3. c. 68‏:14 كێوێكی دارستاناوییه‌ له‌ نزیك شه‌خه‌م. بڕوانه‌\+xt ڕابه‌ران 9‏:48‏،49‏\+xt*‏.
  4. d. 68‏:30 مه‌به‌ستی له‌ فیرعه‌ون و سوپای نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یه‌.
  5. e. 68‏:31 وڵاتێكه‌ له‌ سه‌رووی ڕووباری نیل.