عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، زه‌بوورێكی داود، گۆرانییه‌ك. 
1
ئه‌ی خودایه‌، ستایشكردن له‌ سییۆن شایانی تۆیه‌،
نه‌زره‌كانمان بۆ تۆ به‌جێده‌هێنین.
2
ئه‌ی ئه‌وه‌ی گوێت له‌ نوێژ ده‌بێت،
هه‌موو كه‌س بۆ لای تۆ دێت.
3
كاتێك گوناه به‌سه‌رماندا زاڵ بوو،
تۆ كه‌فاره‌تی یاخیبوونه‌كانی ئێمه‌ت كرد.
4
خۆزگه‌ به‌وانه‌ ده‌خوازرێ كه‌ هه‌ڵیانده‌بژێریت و
نزیكیان ده‌كه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ت بژین!
تێر بووین له‌ چاكی ماڵه‌كه‌ت،
له‌ په‌رستگای پیرۆزی تۆ.
5
به‌ سامناكی ڕاستودروستی وه‌ڵاممان ده‌ده‌یته‌وه‌،
ئه‌ی خودای ڕزگاركه‌رمان،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی دانیشتووانی سه‌راپای زه‌وی و
ده‌ریا دووره‌كان پشتت پێ ده‌به‌ستن،
6
كه‌ به‌ هێزی خۆت چیاكانت دامه‌زراندووه‌،
به‌ توانا چه‌كدارت كردووه‌،
7
كه‌ هه‌ڵچوونی ده‌ریاكان هێمن ده‌كه‌یته‌وه‌،
هه‌ڵچوونی شه‌پۆله‌كانیان،
هه‌روه‌ها ئاژاوه‌ی گه‌لان.
8
ئه‌وانه‌ی له‌وپه‌ڕی جیهان ده‌ژین، له‌ نیشانه‌كانی تۆ ده‌ترسن.
له‌ شوێنی ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌به‌یان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ ده‌ڵێیت.
9
بایه‌خ به‌ زه‌وی ده‌ده‌یت و ئاوی ده‌ده‌یت،
زۆر به‌پیت و فه‌ڕی ده‌كه‌یت،
جۆگه‌كانی خودا پڕ ئاون،
ده‌غڵودانیان ئاماده‌ ده‌كه‌یت،
چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ڕێكت خستووه‌.
10
هێڵی جووته‌كانی تێر ئاو ده‌كه‌یت و
ته‌خت و ڕێكیان ده‌كه‌یت،
به‌ لێزمه‌ی باران پاراوی ده‌كه‌یت و
به‌روبوومیان به‌ره‌كه‌تدار ده‌كه‌یت.
11
به‌ چاكه‌ی خۆت تاج ده‌خه‌یته‌ سه‌ر ساڵ و
ڕێڕه‌وه‌كانت چه‌وری لێ ده‌چۆڕێت.
12
له‌وه‌ڕگاكانی ده‌شتوده‌ر پڕ ده‌بن،
ناوقه‌دی گرده‌كان به‌ شادی ده‌به‌ستییه‌وه‌.
13
مێرگه‌كان به‌ ڕانه‌ مه‌ڕ و مێگه‌ل داده‌پۆشرێن،
ده‌غڵودان ده‌بن به‌ كه‌وای دۆڵه‌كان،
له‌ شادمانیدا هاوار ده‌كه‌ن و گۆرانی ده‌ڵێن.