عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان، زه‌بوورێكی داوده‌. 
1
ئه‌ی خودایه‌، گوێ له‌ ده‌نگی سكاڵام بگره‌،
ژیانم له‌ مه‌ترسی دوژمنانم بپارێزه‌.
2
له‌ پیلانی به‌دكاران بمشاره‌وه‌،
له‌ كۆمه‌ڵی خراپه‌كاران.
3
كه‌ زمانی خۆیان وه‌ك شمشێر تیژ كردووه‌،
قسه‌ تاڵه‌كانیان وه‌ك تیری هاوێژراوه‌،
4
هه‌تا له‌ بۆسه‌كانیانه‌وه‌ كه‌سی بێ كه‌موكوڕی پێ بپێكن،
له‌ناكاو ده‌یپێكن و ناترسن.
5
بۆ كاری خراپه‌ یه‌كتری هانده‌ده‌ن،
ده‌رباره‌ی شاردنه‌وه‌ی داوه‌كانیان ده‌دوێن،
ده‌ڵێن: «كێ ده‌مانبینێ؟»
6
ته‌گبیر بۆ تاوان ده‌كه‌ن،
ده‌ڵێن: «پیلانێكی ته‌واومان داڕشت!»
بێگومان دڵ و ده‌روونی مرۆڤ قووڵه‌.
7
به‌ڵام خودا تیریان تێده‌گرێت،
له‌ناكاو برینداریان ده‌كات.
8
زمان درێژییان ده‌بێته‌ هۆی كه‌وتنیان،
هه‌ركه‌سێك كه‌ ده‌یانبینێت سه‌ری باده‌دات.
9
هه‌موو ئاده‌میزاد ده‌ترسن،
كاری خودا ڕاده‌گه‌یه‌نن و
بیرده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ كردی.
10
با ڕاستودروستان به‌ یه‌زدان دڵخۆش بن و
په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر ئه‌و،
با هه‌موو دڵڕاستان ستایشی بكه‌ن!