عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.
- 1
- ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
 ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
- 2
- بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
 هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.
- 3
- بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
 لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
- 4
- ژەهریان وەک ژەهری مارە،
 وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
- 5
- کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
 هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.
- 6
- ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
 ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
- 7
- با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
 با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
- 8
- وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
 وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.
- 9
- پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
 چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
- 10
- کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
 پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
- 11
- ئینجا خەڵکی دەڵێن:
 «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
 بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»

