عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە.
- 1
- لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە،
 چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ،
 من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ،
 هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.
- 2
- بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم،
 بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت.
- 3
- لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات،
 ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن.[a]
 خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.
- 4
- گیانم لەناو شێرانە،
 لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم،
 ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن،
 زمانیشیان شمشێری تیژە.
- 5
- ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
 با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
- 6
- تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم،
 گیانم پەرێشانە.
 چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند،
 بەڵام خۆیان تێی کەوتن.
- 7
- دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە،
 دڵم چەسپاوە،
 سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
- 8
- ئەی گیانی من، هەستە!
 ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
 من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
- 9
- ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
 لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
- 10
- چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، دەگاتە ئاسمان،
 دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
- 11
- ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
 با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
- a. 57:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 6، وشەی \+tl سەلاە\+tl* هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.

