عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی مۆسیقاژه‌نان. زه‌بوورێكی داوده‌. كاتێك ناتانی پێغه‌مبه‌ر هاته‌ لای دوای ئه‌وه‌ی داود له‌گه‌ڵ به‌تشه‌به‌ع[a] جووتبوو. 
1
ئه‌ی خودایه‌، به‌گوێره‌ی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌،
به‌گوێره‌ی زۆری به‌زه‌یی خۆت یاخیبوونم بسڕه‌وه‌.
2
به‌ ته‌واوی له‌ تاوانم بمشۆره‌وه‌ و
له‌ گوناهم پاكم بكه‌ره‌وه‌.
3
چونكه‌ من یاخیبوونم ده‌زانم،
هه‌میشه‌ گوناهم له‌به‌رده‌ممه‌.
4
له‌ دژی تۆ، ته‌نها تۆ، گوناهم كرد،
له‌به‌رچاوی تۆ خراپه‌م كرد،
تاكو له‌ بڕیاره‌كانت ڕاست بیت،
دادپه‌روه‌ر بیت له‌ حوكمه‌كانت.
5
ئه‌وه‌تا من به‌ زگماكی تاوانبارم،
گوناهبارم له‌و كاته‌وه‌ كه‌ دایكم سكی به‌ من پڕ بووه‌.
6
ئه‌وه‌تا له‌ ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌ ڕاستی دڵشاد ده‌بیت،
له‌ ویژدانه‌وه‌ فێری داناییم ده‌كه‌یت.
7
به‌ زوفا[b] پاكم بكه‌ره‌وه‌ پاك ده‌بم،
بمشۆره‌وه‌ له‌ به‌فر سپیتر ده‌بم.
8
با گوێم له‌ شادی و خۆشی بێت،
با ئه‌و ئێسقانانه‌ی وردوخاشت كردووه‌ شاد بن.
9
چاو له‌ گوناهه‌كانم بپۆشه‌ و
هه‌موو خراپه‌كانم بسڕه‌وه‌.
10
ئه‌ی خودایه‌، دڵێكی پاكم تێدا دروستبكه‌ و
ڕۆحێكی چه‌سپاو له‌ ناخم نوێ بكه‌ره‌وه‌.
11
له‌ به‌رچاوی خۆت ده‌رممه‌كه‌،
ڕۆحی پیرۆزی خۆتم لێ مه‌ستێنه‌وه‌.
12
شادی ڕزگاریی خۆتم پێ بده‌وه‌،
به‌ ڕۆحێكی خۆویستانه‌ پشتگیریم بكه‌.
13
ئینجا یاخیبووان فێری ڕێگای تۆ ده‌كه‌م،
گوناهباران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لات.
14
ئه‌ی خودایه‌، خودای ڕزگاریم، له‌ سزای خوێنڕشتن ده‌ربازم بكه‌،
هه‌تا زمانم گۆرانی به‌سه‌ر ڕاستودروستیتدا بڵێت.
15
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، لێوه‌كانم لێك بكه‌ره‌وه‌ و
ده‌مم ستایشت ڕابگه‌یه‌نێت.
16
تۆ به‌ قوربانی دڵشاد نابیت، ئه‌گینا پێشكه‌شی ده‌كه‌م،
به‌ قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت.
17
قوربانییه‌كان بۆ خودا ڕۆحی شكاوه‌،
ئه‌ی خودایه‌، تۆ به‌ سووكییه‌وه‌ ته‌ماشای دڵی شكاو و وردوخاشكراو ناكه‌یت.
18
به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆت چاكه‌ له‌گه‌ڵ سییۆن بكه‌،
شووراكانی ئۆرشه‌لیم بنیاد بنێوه‌.
19
ئه‌وسا به‌ قوربانی ڕاستودروستی و
به‌ قوربانی سووتاندنی ته‌واو دڵشاد ده‌بیت،
ئه‌وسا گا له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ت پێشكه‌ش ده‌كرێت.
  1. a. 51‏:0 ژنی ئوریای حیتی بوو، داود له‌گه‌ڵی جووتبوو، به‌م جۆره‌ داود داوێنپیسی له‌گه‌ڵی كرد. بۆ داپۆشینی گوناهه‌كه‌ی، پلانێكی دانا بۆ به‌كوشتدانی ئوریا. پاشان داود هێنای و كردییه‌ ژنی خۆی. دایكی سلێمان بوو.
  2. b. 51‏:7 جۆره‌ ڕووه‌كێكه‌، جوله‌كه‌كان به‌ پێ ڕێوه‌ره‌سم بۆ پاككردنه‌وه‌ به‌كاریانده‌هێنا.